ساڵی رابردوو زیاتر لە 3.8 ملیۆن سەرپێچیی هاتووچۆ لە عێراق تۆمار کراون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵی رابردوو زیاتر لە 3.8 ملیۆن سەرپێچیی هاتووچۆ لە عێراق تۆمارکراون و کۆی گشتیی سزاکان گەیشتووەتە نزیکەی 162 ملیار دینار. بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک دەڵێ، لە کەرکووک کامێرای زیرەکی تۆمارکردنی سەرپێچی هاتووچۆیان نییە.
 
محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆی گشتیی ژمارەی سەرپێچی و بڕی سزاکانی هاتووچۆ نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە. وەزارەتەکە بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامی داوەتەوە و ئەویش نووسراوەکەی لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاوکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، لە ساڵی 2025دا سێ ملیۆن و 888 هەزار و 438 سەرپێچیی هاتووچۆ تۆمارکراون کە یەک ملیۆن و 99 هەزار و 628یان لە رێگەی کامێرا زیرەکەکانەوە بووە.
 
هەروەها کۆی گشتیی سزاکانی هاتووچۆ لەو ساڵەدا 161 ملیار و 920 ملیۆن و 837 هەزار و 699 دینار بووە. محەممەد جاسم خەفاجی ئەو بڕە پارە زەبەلاحەی بە "کارەساتبار" ناوبرد و رەخنەی لە زۆریی سزاکان گرت.
 
خەفاجی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر هەوڵی داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە، چونکە زیانێکی دارایی گەورەی بە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت گەیاندووە، گوتیشی، ئەم بڕە پارەیە بارگرانییەکی قورسە و نابێت بە کەمی سەیر بکرێت.
 
عەمید محەممەد ئیسماعیل ناسراو بە عەمید شوان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی  2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە کەرکووک کامێری زیرەکی چاودێریی هاتووچۆ نییە. پرۆژەمان هەیە؛ بەڵام بۆ جێبەجێکردنی چاوەڕێی بودجە دەکەین".
 
لە کەرکووک زیاتر لە هەزار ئەفسەر و کارمەندەی هاتووچۆ هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئەو پارێزگایە دەڵێ: "داهاتی تۆمارکردنی سەرپێچی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە سەرووی خۆیان لە بەغدا".
 
عەمید شوان باس لەوە دەکات بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، دۆخی هاتووچۆ لە کەرکووک باشترە و بەهۆی بڵاوکردنەوەی کارمەندەکانیان لە شوێنە گشتییەکان، راگرتن لە شوێنە قەدەخەکراوەکان و لێدان لە گڵۆپی سوور بەراورد بە پارێزگاکانی عێراق کەمترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: عێراق بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ قەرز دەبات

بەهۆی مەترسیی دواکەوتنی زیاتری مووچە، حکومەت و پەرلەمانی عێراق تاوتوێی بژاردە قورسەکان دەکەن. ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیاسایەکی نوێ دەکرێت بۆ پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، تەنیا بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە.