رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر دەڵێ :"پێشبینی دەکرێ دانیشتنێکی گەرم و پڕ لە کێشمەکێش بێت".
ئەحمەد ئەسەدی، یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کۆدەبێتەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەش نادیارە".
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدریش بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی دۆسیەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر گوتی:"پێشبینی دەکرێ دانیشتنێکی گەرم و پڕ لە کێشمەکێش بێت، بەهۆی تووندیی ناکۆکی و جەمسەرگیرییەکان لەنێوان بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی".
بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان، قسە لە دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش دەکرێ، بەڵام ئەبو میساق مەساری پێیوایە "هێشتا زووە باس لە دواخستنی کۆبوونەوەکە بکرێ" .
بڕیار بوو رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان کۆبوونەوەکە نەکرا.
دوای ئەوەی لە 11ـی نیسان نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا، بەپێی دەستوور دەبێت لە 15 رۆژدا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان (کە ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگییە) ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران پێشکێش بکات.
ئێستا کێشەی سەرەکیی نێو ماڵی شیعە لەسەر ئەوەیە کە ئایا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەک بەربژێر دەمێنێتەوە یان لایەنەکان لەسەر کەسایەتییەکی دیکە رێکدەکەون.
ئێستا جگە لە محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی، چەند ناوێکی دیکە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە باس دەکرێن، لەوانە باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی؛ هەروەها حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ