رووداو- ئاژانسەکان
زنجیرە تەقینەوەکانی دوێنێی عێراق، کە هاوکات بوون لەگەڵ رۆژی 10ی موحەڕەمی ناسراو بە رۆژی (عاشورا) ى شوێنکەوتووانی ئایینزای شیعەیان کردە ئامانج و ١٣٤ قوربانیان لێکەوتەوە.
بەپێی سەرچاوە تەناهییەکانی عێراق، دوێنێ پێنجشەممە 14/11/2013، زنجیرەیەک تەقینەوە شوێنکەوتووانی ئایینزای شیعەیان لەعێراق کردە ئامانج، هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب، کە یەکێکە لە دیارترین دوازدە ئیمامی مەزهەبی شیعە.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە لەئاکامی هیڕشێکی خۆکوژیی بۆ سەر گردبوونەوەیەکی یادکردنەوەی (عاشورا) لەشاری کەربەلا لەباشووری عێراق و چەند هێرشێکی هاوشێوە لەپارێزگاکانی کەرکووک و دیالەو و بەغدا، کوژرانی ٤٣ کەس و برینداربوونی ٩١ دیکەی لێکەوتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ستایشی رۆڵی بێ وێنەی هێزە تەناهییەکانی عێراقی کرد لەبەر سەرکەوتیان لەپاراستنی ئەو کەسانەی کە دوێنێ لەعێراق یادی (عاشورا)یان کردەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ٥ هەزارو ٦٠٠ هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی تووندوتیژی و تەقینەوەو گیانیان لەدەستداوە، کە ٩٦٤یان لەمانگی رابردوو گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ