رووداو- فەللوجە
هێشتا شتێك نەبوو بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، كاتێك فەللوجە كەوتە بندەستی گرووپە رادیكاڵەكان، ئەو گرووپە هەر هەمان داعشی ئەمڕۆ بوون، بەڵام بەناوی (داع)، واتە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق.
فەللوجە یەكەم ناوچەی جوگرافی بوو لەعێراقدا داعش كۆنترۆڵی كرد، ئەوكاتەی ئێمە بڕیارمان دا بچینە نێو فەللوجە، زیاتر لە دوو مانگ بوو شارەكە لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبیەوە كۆنترۆڵ كرابووەوە، بەڵام هێشتا ژیان نائاسایی بوو. لە كۆی 350 هەزار دانیشتووی شارەكە، كەسیان نەگەڕاونەتەوە.
لەسەر رێگە بە هەزاران خێمەی ئاوارە لەنێو ئەو تۆز و خۆڵی بیابانەدا هەڵدراون.
فەللوجە شوێنێكی ستراتیژی بوو بۆ داعش بەو پێیەی تەنیا 60 كیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە. یەكەمین ناوچەش بوو كە داعش بەشێوەیەكی فیعلی دەسەڵاتی خۆی تێدا چەسپاند، ئەویش لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی 2014دا بوو، واتە شەش مانگ پێش گرتنی مووسڵ، هەر بۆیە فەللوجە بۆ داعش قەڵایەكی سەخت بوو، هەوڵی زۆری دا بۆئەوەی لە دەستی نەدا، وێرانبوونی زۆربەی شارەكەش هێمان بۆ ئەوەی كە داعش بەرگرییەكی سەختی تێدا كردووە.
لە دەروازەی شار یەكەم شوێن سەرنجی دەدەی نەخۆشخانەی فێركاریی فەللوجەیە كە بنكەیەكی سەرەكیی داعش بوو لە شارەكەدا. زیاتر لە 45%ی نەخۆشخانەكە وێران بووە. نەخۆشخانەی فەللوجە پێش هاتنی داعش نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ بوو لە 300 قەرەوێڵە پێكهاتبوو، نەشتەرگەریی گەورەی تێدا دەكرا، بەڵام ئێستا تەنیا وێرانەیەكە.
داعش پێش هەموو شارەكانی دیكەی عێراق لە فەللوجە بنەماكانی خەلافەتەكەی و شێوازی حوكمڕانییەكەی بەرجەستە كرد، تەنانەت یەكەم جێبەجێكردنی سزای دەستبڕین وەكو بەشێك لە جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، لە فەللوجە بوو.
فەللوجە بە شاری مزگەوتەكان ناسراوە، بەهۆی زۆریی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی لەنێو شارەكەدا هەن كە ژمارەیان 220 مزگەوتە و سەرجەمیان منارەیان هەیە، بەڵام داعش زۆر لەو مزگەوتانەی كردبووە بنكەی خۆی. لە كاتی گرتنەوەی شارەكەشدا لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە، داعش لە نێو بەشێك لە مزگەوتەكانەوە سەنگەری لێداو بەرگریی كرد، هەر بۆیە زۆر لەو مزگەوتانە زیانی گەورەیان بەركەوت.
ئەو كاتەی ئێمە لە فەللوجە بووین، هێشتا شارەكە خامۆش و خاڵی بوو لە خەڵك. بەنێو گەڕەكەكانی شاری فەللوجەدا گوزەر دەكەین و جگە لە وێرانكاریی دوای جەنگ هیچ شتێكی دیكە بەدی ناكەین. زۆربەی خانووەكانی شوێنەواری شەڕیان پێوە دیارە.
داعش لە نێو فەللوجەدا بە زەبری هێز دەسەڵاتەكەی چەسپاندبوو، خەڵكی فەللوجەش لەبەرئەوەی ستەمی دەسەڵاتی مالیكییان زۆر بینیبوو، پشتیوانیی داعشیان كرد، یان لانیكەم ستەمی چەكدارانی داعشیان بەلاوە پەسەندتر بوو وەك لە ستەمی چەكدارانی سوپاكەی مالیكی، هەر بۆیە لە كاتی شەڕەكانی نێوان داعش و سوپای عێراقدا، بەگشتی خەڵكی سڤیلی شارەكە بوونە قوربانیی راستەقینە.
پێش گرتنەوەی شاری فەللوجە لەلایەن سوپای عێراقەوە لە 26ی حوزەیرانی 2016دا بۆ ماوەی دوو مانگ فەللوجە گەمارۆ درابوو. دانیشتووانەكەی هیچ خۆراكێكیان پێنەدەگەیشت، ئەو ماوەیە خواردن و خواردنەوەی خەڵكی شارەكە تەنیا ئاو و خورما بووە. ئەوانەشی لە كاتی گەمارۆكەدا هەوڵی دەربازبوونیان دەدا، لەلایەن داعشەوە گوللەباران دەكران.
رووباری فورات شاری فەللوجە دەكات بە دوو بەشەوە كە بەشە سەرەكییەكەی دەكەوێتە بەری رۆژهەڵاتی فورات. پێش گرتنەوەی فەللوجە، داعش هەر سێ پردە سەرەكییەكەی سەر رووباری فوراتی تەقاندەوە. هەر بۆیە بەشێك لە خەڵكی فەللوجە لە كاتی هەڵاتنیاندا لە شارەكە، ناچاربوون بە مەلە لە رووباری فورات بپەڕنەوە تا خۆیان لە دەستی ئاگری شەڕ رزگار بكەن، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی لە رووبارەكەدا خنكان.
داعش لە شوباتی 2016دا چەند وێنەیەكی ئەبوبەكر بەغدادی كەسی یەكەمی رێكخراوەكەی بڵاوكردەوە كە دیاری لەسەر چەند كەسێك لە مزگەوتی مورسەلیندا لە فەللوجە دابەش دەكات. مزگەوتەكە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە، هێشتا بە تەواوی نەپشكنراوە، گومان دەكرێ هێشتا بۆمبی چێندراوی تێدا مابێت.
هاوشێوەی شوێنەكانی دیكە، لە فەللوجەش خانووی هاووڵاتییان كراونەتە بنكەی سەربازی و بنكەی شەرعیی داعش. بارەگای سەرەكی و دادگای شەرعی و زیندانی داعش لە فەللوجە لە گەڕەكی مامۆستایان بووە.
لە نێو فەللوجە گەڕەكێك هەیە بەناوی ئەلئەكراد، ئەو گەڕەكەش بێبەش نەبووە لە وێرانكاری و پاشماوەی جەنگ. هەموو دیمەنەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە داعش بە هەر شوێنێكدا رۆیشتبێ، وێرانكاریی لەوێ ئامادەیە.
فەللوجە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە چەند جارێك لە چەند كاتی جیاوازدا رووبەڕووی هێرش و گەمارۆدان و پەلاماری سەربازی بووەتەوە، چونكە بەردەوام شارێكی یاخی بووە، شوێنێك بووە بۆ داڵدەدانی گرووپە توندڕەوەكان، بۆیە چەند جارێك وێران بووە، بەڵام هیچیان وەكو ئەوەی داعش نەبووە.
لە فەللوجە شەڕی كوڵان بە كۆڵان كرا تاوەكو داعش وەدەرنرا، بەو هۆیەشەوە جگە لەوەی شارەكە وێران بوو، ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانیشی كوژران.
حەشدی شەعبی لە پاڵ شەڕی داعش، شەڕی هاووڵاتیانی مەدەنیشی دەكرد كە سوننە مەزهەبن، بە جۆرێك رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤی هێنایە دەنگ.
لە گرتەیەكی ڤیدۆیی داعشدا، ئەمیرێكی داعش دەبینرێ بە ناوی ئەبو عومەری فەللوجەیی كە یەكێك بوو لەوانەی تاوانبارە بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر، هاوكات داواكارێكی سەرەكی بوو لەلایەن سوپای عێراقەوە. دواتر لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كەسێك دەكەوێتە دەست چەكدارانی حەشدی شەعبی، لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا پیاوێكی ریشدار دەردەكەوێ كە چەكدارانی حەشدی شەعبی بە چەرخ ریشی دەسووتێنن و وا دەردەكەوێ ئازارێكی زۆر دەچێژێ. لە پێگە شیعیەكاندا وا بڵاوكراوەتەوە كە ئەو كەسە ئەبو عومەری فەللوجەییە، بەڵام لە پێگەكانی تایبەت بە سوننەكاندا ئەوە وەكو پێشێلكاری بەرامبەر سوننە لەقەڵەم دراوە.
داعش لە نێو فەللوجەدا تەنیا شارەكەی وێران نەكرد، بەڵكو ئاشتیی كۆمەڵایەتی شارەكەشی تێكدا. ناكۆكییەكی زۆری لە نێو پێكهاتەی كۆمەڵایەتی شارەكەدا دروستكرد، ئەویش بەهۆی ئەو كوشتوبڕەی داعش لە شارەكەدا كردی، شارێك هێشتا بنەما عەشایرییەكان داینەمۆیەكی بەهێزن بۆ كار و كاردانەوە. ئێستا ئەوانەی كەسوكاریان كوژراوە بە دوای تۆڵەسەندنەوەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ