رووداو دیجیتاڵ
تەمومژی چڕ زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان بەشێوەیەکی کاتیی، کە نوێترینیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدایە.
شەوی هەینی 15-12-2023، جیهاد کازم، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاستی بینین بۆ 250 مەتر کەمبووەتەوە و بۆیە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا راگیراون.
هەروەها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە نزیکەی 15 گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و یەک گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان هەبوونی تەمە.
لە بەرەبەیانییەوە بۆ کاژێر 09:00ـی شەوی هەینی 15-12-2023، نزیکەی 15 گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەڵوەشاونەتەوە. زۆرینەی گەشتەکان لەنێوان هەولێر و ئیستەنبووڵ بوون.
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی ئەو گەشتانەی هەڵوەشاونەتەوە بەهۆی کەشوهەوا و تەمەوە بوون و هیچ هۆکارێکی دیکە نەبووە".
سەرچاوەیەکیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا یەک گەشتی تاران بەهۆی تەمەوە هەڵوەشاوەتەوە و تەواوی گەشتەکانی دیکە ئەنجام دراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ