هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتى خۆی لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا رانەگەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
زەنگى ئاگادارکردنەوەى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا، بۆ خۆپاراستن لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکە بووە هۆی زەنگی هۆشدارییەکى دیکە لە بارەى دۆخى عێراق بەهۆى هێرشى گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە سەربازی و دیبلۆماسییەکانى ئەمریکا.
هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە 8-12-2023، وای لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق کرد بکەونە خۆیان و هێرشبەرەکان دەستگیر بکەن.
لیوا تەحسین خەفاجی، سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێرا دەڵێت، "هێزە ئەمنى و هەواڵگرییەکانمان لەدواى پشکنین، وردبینى و بەدواداچوون، توانییان بگەنە بکەرانى ئەو هێرشە و هەندێکیان دەستگیر بکەن".
گرووپە چەکدارە شیعەکان کە ناوى خۆیان ناوە "موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" بەرپرسیاریێتى خۆیان لەو ھێرشانە راگەیاندووە، کە کراونەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بەڵام هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتى ئەو هێرشەی نەگرتە ئەستۆ، کە کرایە سەر باڵیۆزخانەکە.
ئەمریکا گرووپەکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات، لەو ماوەیەشدا دوو جار هێرشی کردوونەتە سەر و 13 چەکداری لێ کوشتوون.
لەهیب هیگڵ، لێکۆڵەرى کاروبارى عێراق لە گرووپى قەیرانى نێودەوڵەتى دەڵێت، "گەڕى ئەمدواییەی رووبەڕووبوونەوەى نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارییە پاڵپشتیشکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە لە عێراق، حکومەتى عێراقى خستووەتە دۆخێکى شەرمەزارکەرەوە".
لە 18ـی تشرینى یەکەمەوە تائێستا گرووپى موقاوەمە بەرپرسیارێتى خۆى لە 77 هێرش راگەیاندووە، کە 24 هێرشیان بۆ سەر بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد بووە لە ئەنبار و 18یان لەدژى فڕۆکەخانەى هەریر و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بووە.