رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی ئابووریی عێراق رووبەڕووی داڕمان و کێشەی گەورە بووەتەوە و دەڵێت، ئەو رێکارانەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی گرتوونیەتەبەر چارەسەر نین. سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش جەخت دەکاتەوە، بەپێی نووسراوە فەرمییەکان مووچە دابینکراوە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، عێراق زیاتر لە 90%ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە ئابووریی وڵاتەکە لاواز بێت و بەرگەی ئاڵنگارییەکان نەگرێت.
دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوە کرد، لە عێراقدا "کورتهێنانێکی گەورەی دارایی" هەیە، چونکە خەرجییەکانی دەوڵەت زۆر لە داهاتەکان زیاترن. ئەو دەڵێت، "ئابووریی عێراق تاوەکو راددەیەکی زۆر لە دەستی خۆیدا نییە، ئەگەر دۆلار لە دەرەوە بۆ عێراق نەیەت، ئابوورییەکەی تووشی داڕمان دەبێت."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، گوتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی رەخنە لەو بڕیارانە دەگرێت کە لە چوارچێوەی "کەمکردنەوەی خەرجی" دەرکراون و بە چارەسەری نازانێت. بە بڕوای ئەو، کێشەی عێراق پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتییە لە سیستەمی بانکی و ئیدارەدانی داهاتدا، نەک تەنیا کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
دانەر عەبدولغەفار باس لەوە دەکات، "بەهۆی نەبوونی کەرتی تایبەت و لاوازیی بەرهەمهێنان، ملیۆنان فەرمانبەر لە عێراقدا هەن کە زۆربەیان 'بێکاریی شاراوە'یان دروستکردووە." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت پارەیەکی خەیاڵی لە شوێنی ناپێویست خەرج دەکات، وەک نموونە دەڵێت، "بە ملیۆنان دۆلار لە راگەیاندنی عێراقی خەرج دەکرێت کە کەس سەیری ناکات."
لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەنگۆی دواکەوتنی، دانەر عەبدولغەفار دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "مووچەی خەڵکی کوردستان منەت نییە بەسەریانەوە بکرێت، بەڵکو مافێکی دەستووریی خۆیانە."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی روونیکردەوە، ئەوەی لە میدیاکانەوە باسی لێوە دەکرێت سەبارەت بە نەناردنی مووچە، تەنیا قسەی میدیایە و هیچ شتێکی فەرمی نییە. گوتیشی، "بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق، دڵنیایی دراوە کە مووچەی فەرمانبەران، هی هەرێمی کوردستان و هی عێراق دابینکراوە و مەترسی لەسەر نییە."
دانەر عەبدولغەفار دانی بەوەدانا کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچەدا هەیە، وەک چۆن مانگی رابردوو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق 10 بۆ 15 رۆژ دواکەوت، بەڵام جەختی کردەوە رێگە بە پێشێلکردنی مافی دەستووریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ