عێراق تاوتوێی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی کەرکووک - بانیاسەوە دەکات

16-04-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
عێراق بەدوای جێگرەوەی تورکیادا دەگەڕێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت
عێراق بەدوای جێگرەوەی تورکیادا دەگەڕێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

عێراق بەدوای جێگرەوەی تورکیا دەگەڕێت و دەوێت کۆتایی بەو چاوەڕوانییە بهێنێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. 
 
حکومەتی عێراق تاوتوێی پێشنیازێک دەکات تاوەکو لە رێگەی کەرکووک- بانیاس، واتە لە رێگەی سووریاوە دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکرێتەوە، لەوێشەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەوروپا، ئەگەر تورکیا نەیەتە ژێر باری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان حکومەتی عێراق بڕیارە لەو بارەیەوە دەست بە هەنگاوەکانی بکات. 
 
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئەو بۆرییەی کەرکووک - بانیاس لەکارکەوتووە، زیانی زۆری پێگەیشتووە، کارێکی یەکجار زۆری دەوێت تاوەکو چاک دەکرێتەوە، لە پاککردنەوە لە زیادکردنی تۆڕباین لەگەڵ ئەوەش چاککردنی هەموو بۆرییەکە هەر لە کەرکووکەوە تاوەکو دەگاتە بانیاس لە سووریا، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە؛ بەمە چارەسەری بەپەلە ناکرێت، ئێمە ئەگەر باس لە هەناردەکردنی نەوت بکەین دەبێت حیسابی رۆژ بکەین بگرە زیاتر لەوە دەبێت حیسابی کاژێر بکەین." 
 
بۆری نەوتی کەرکووک - بانیاس لە ساڵی 1952ـەوە دروستکراوە درێژییەکەی 800 کیلۆمەترە تاوەکو سووریا، لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەکارکەوتوە، ئەگەر چاکبکرێتەوە لە توانایدا هەیە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام لیژنەی نەوت و وزە هێشتا رێگەی بەندەری جەیهان بە باشترین دەزانن. 
 
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "گفتوگۆمان کرد لەگەڵ برامان وەزیری نەوتی عێراق و فەرمانبەرانی باڵای وەزارەت بۆ چارەسەکردنی ئەو بابەتە، هەروەها گفتوگۆی زۆر جیدی هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند بۆ هەناردەی نەوتی کوردستان، ئێمە دەڵێین، هیچ رێگەیەک نەماوە جگە لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لەپێناو کۆتایی هێنان بەسەرجەم کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر." 
 
رووداو زانیویەتی باڵیۆزی رووسیا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پرسی بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک - بانیاسی تاوتوێکردووە، ئەو سەرکردانەی عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن رەزامەندیان نیشانداوە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق پێی راگەیاندوون، ئەوە قورسە، کات و کاری زۆری دەوێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە