رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی عێراق، خەرجکردنی 60 ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی 2025 جووتیارانی راگەیاند. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ئەو بڕە پارەیە بۆ هەموو عێراق و بە هەرێمی کوردستانەوە زۆر کەمە.
رۆژی پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026 محەمەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەسیر داود غەرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ بڕیاری دا بە خەرجکردنی 60 ملیار دینار وەک بەشێکی نوێی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ وەرزی 2025 کە گەنمی وەرزی کشتوکاڵیی 2025یان رادەست کردووە.
لە هەموو عێراق تاوەکو ئێستا تریلیۆنێک و 600 ملیار دیناری شایستەی جووتیاران ماوە، خەرج بکرێت، کە زیاتر لە 204 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە خەرجکردنی ئەو بڕەپارەیە ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام 60 ملیار دینار بۆ هەموو عێراق زۆر کەمە، رەنگە نزیکەی 10 ملیارێکی بۆ هەرێمی کوردستان بێت، ئەوەش هێشتا روون نییە.
گوتەبێژی وەزارەت بازرگانی عێراق، دەڵێت وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی خەرجکردنی شایستەی جووتیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ