رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 26ی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ تانەدان لە یاسای بودجە، حکومەتی عێراق دووەم تانەکانی خۆی لە 11 مادەی یاساکە پێشکێش کرد، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لەدوای ساڵی 2003 زۆرترین تانە لە یاسای بودجەی ئەمساڵ دراوە، جگە لە حکومەت پەرلەمانتاران و دامەزراوەکانیش تانەیان لێداوە."
بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، ماوەی تانەلێدان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق 30 رۆژە لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی. یاسای بودجەی 2023، لە ژمارەی 4726ی رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2023 بڵاوکرایەوە، بەوپێیە رۆژی چوارشەممە، 26-07-2023، واتە دوای 10 رۆژی دیکە، ماوەی تانەدان لە یاسای بودجە کۆتایی دێت.
بەپێی مادەی 19ی پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی فیدڕاڵی، سێ دەسەڵاتەکەی عێراق "یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری"، لەگەڵ وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان و سەرۆکایەتیی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لایەنە نابەستراوەکان بە وەزارەتەکان و پارێزگارەکان دەتوانن تانە لە هەر دەقێکی یاسایی بدەن.
مادەی 21 وادەی تانەلێدانی لەیاسای بودجە روونکردووەتەوە، لە مادەکەدا هاتووە: "ئەو دەسەڵاتانەی لە مادەی 19دا ئاماژەیان بۆ کراوە لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، دەتوانن تانە لەیاسای بودجە بدەن."
رۆژی یەکشەممە، 16-07-2023 د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی تانەکانەوە لە یاسای بودجەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەیەکی زۆر تانە لە یاسای بودجە دراون، هێشتا کاتی تانەلێدان ماوە، بۆیە یاسای بودجەی ئەمساڵ زۆرترین تانەی لێدراوە و دەدرێت لەدوای ساڵی 2003وە."
جەمال کۆچەر گوتیشی، "بەشێک لە تانەکانی حکومەتی عێراق لە دەقەکانی یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، چونکە دواتر کار بە دەقە رەسەنەکەی حکومەت دەکرێت کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە."
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ى حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا؛ لە 21ى حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە.
یاساى بودجە لە 78 مادە پێکهاتووە، لە کاتێکدا بەر لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە هەندێک لە بڕگەکانیدا لە پەرلەمان 67 مادە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ