رووداو- دیالە
تاوەرەكانی گەیاندنی تەزووی كارەبا لە پارێزگای دیالە دەكرێنە ئامانج، بەمدواییانە نۆ تاوەر لە ناحیەی عوزێم و مەنسوریە تەقێندراونەتەوە.
پلەکانی گەرما زیاتر لە پەنجا پلەیە، تیمەکانی کارەباش دووبارە رووناکی دەگێڕنەوە بۆ دیالە، بەڵام هێندە نابات جارێکی دیکە تاوەرەکان بە ئامانج دەگیرێن. ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوەی دیالە شەڕی داعش دەکەن، گرووپە تیرۆریستییەکان تاوەرەکانی کارەبا دەکەنە ئامانجی تەقاندنەوە، تا ئێستا دوو کەس دەستگیرکراون یەکێکیش کە تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی تاوەرەکان هەڵاتووە".
لەگەڵ هاتنی وەزری هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، بە ئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی تەزووی كارەبا لە پارێزگای دیالە دەكرێنە ئامانج، كە ژمارەیان هەزار و 800 تاوەرە و بەمدواییەش 9 تاوەر لە ناحیەی عوزێم و مەنسوریە تەقێندراونەتەوە.
ئەندازیار جاسم محەممەد موتڵەگ بە رووداوی راگەیاند: "هەردوو تاوەری گواستنەوەی كارەبا ژمارە 214 و 215 ی نێوان دیالە ـ كەركووك تەقێندرانەوە و بەهۆیەوە تەزووی كارەبا لەسەر پارێزگای دیالەو بەغدا بڕا، زیانێكی زۆریشی بە تۆڕی كارەبایی نیشتیمانی گەیاند."
ئەندازیار عەباس سوڵتان جاسم بە رووداوی راگەیاند: "تاوەری گواستنەوەی تەزوی كارەبای هێڵی دیالە میرساد تەقێندراونەتەوە، لەگەڵ 3 تاوەری هێڵی نێوان دیالە ـ كەركووك ، ئێستاش سەرقاڵی دانانەوەیانین، سەرەڕای دوو تاوەری دیكە و تاوەرێكی هێڵی دیالە ـ مەنسووریەی غازی و 3 تاوەری هێڵی میقدادیە و بەنداوی حەمرین، تەنیا ئەمساڵ 9 تاوەر تەقێندراونەتەوە."
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند، بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەكان بە شەڕ لە دەرەوەی پارێزگا بەمدواییە پرۆسەی بەئامانجكردنی تاوەرەكان زیادیكردووە، هاوكات پلانێك بۆ پاراستنی تاوەرەكان داڕێژراوە و هێزە ئەمنییەكانیش 2 كەسیان بە گومانی تەقاندنەوەی تاوەرەكان دەستگیركردوون.
موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالە بە رووداوی راگەیاند: "بەم دواییە بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەكان بەشەڕی دژی داعش لەدەرەوەی سنووری دیالە، بەئامانجكردنی تاوەرەكانی كارەبا زیادیكردووە، بەڵام دەبێ هێزە ئەمنییەكان پابەندی ئەو پلانە بن كە بۆ پاراستنی تاوەرەكان داڕێژراوە".
فەریق روكن مەزهەر عەزاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە بە رووداوی راگەیاند: "دوێنی بە گومانی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا دوو كەسمان دەستگیركردووە، یەكێكیش هەڵاتووە، بەپێی زانیارییەكانیش ئەو هەڵاتووە بەرپرسە لە تەقاندنەوەی تاوەرەكان و هێزە ئەمنییەكانیش بەدوایدا دەگەڕێن".
لە پڕۆسەی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەباو نەبوونی پلانێك بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی تەزووی كارەبا لە پارێزگای دیالە، تەنیا هاووڵاتیان تاقە زەرەرمەندن.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ