رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆبووەوە،بەڵام باسی دۆسیەی داهاتی نانەوتی نەکراوە، دوو راوێژکارەکەی هەرێمی کوردستانیش ئامادە نەبوون.
شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی سێشەممە، 16-9-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارشەممە 17-9-2025 ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ پرسی داهاتی نانەوتی نەکردووە.''
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە: "لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی دەوڵەت باسی کێشەی داهاتی نانەوتی نێوان هەولێر و بەغدا ناکرێت، بەڵکو ئەنجوومەنەکە هەفتەی داهاتوو بۆچوونی خۆی دەداتە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی.''
لە لایەکی دیکەوە پەیوەست بە نەوت، تەنیا یەک کێشە لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی عێراق ماوە بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیا نەوتییەکان داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە کردووە خاڵێک بۆ رێککەوتن زیاد بکرێت، ئەویش ئەوەیە لەئەگەری درووستبوونی کێشە بۆ ریککەوتنی سێ قۆڵی، لە نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکلاییکردنەوەی کێشەکە ببرێتە دادگەی لەندەن یان پاریس نەک لە دادگەکانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت دادگەکانی عێراق کێشەکان یەکلایی بکەنەوە نەک دادگەی وڵاتانی دیکە."
ئەم گفتوگۆیانە لە کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە کە لە رێگەی ئۆنلاینەوە کۆبوونەوە، رووداو زانیوییەتی لێکنزیبوونەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ