رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یاسایەکى دیکەى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە کە 21 ساڵ لەمەوبەر دەریکردبوو و تایبەتە بە هەموارکردنى بڕگەیەکى یاساى سزادانى عێراقى. راوێژکارێکى یاسایی پەرلەمان دەڵێت: "ئەو کەسانەى کە بەو هەموارە لەساڵى 2004ـەوە تاوانبارکراون، لەمەودوا بێتاوان دەردەچن".
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق 15ى تشرینى یەکەم تاوتوێى سکاڵایەکى کردووە کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاساى ژمارە 42 ى ساڵى 2004 و بڕیاردراوە بە نادەستووریبوونی ئەو یاسایە.
یاسای ژمارە 42ى ساڵى 2004ى پەرلەمانى کوردستان هەموارکردنى بڕگەى دووەمى مادەى 408ى یاساى سزادانى عێراقى بووە، کە تایبەتە هاندانى خۆکوشتن، لەو هەموارەدا وشەیەک زیادکراوە بەوەى دەبێت ئەو تۆمەتبارە بووبێتە هۆیەک بۆ خۆکوشتنى کەسێک، کە سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
16ى تشرینى یەکەمى 2023، وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسای پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئەو بڕیارەى دادگەى فیدراڵى، هەموارى یاساکە هەڵدەوەشێتەوە و دەچێتە دۆخى پێش هەموارکردنى، کە ئەو بڕگەیەى تێدا نییە "باس لەوە بکات کە ئەگەر کەسێک هۆکار بووبێت بۆ خۆکوشتنى کەسێکى دیکە، تاوانبار بکرێت" و لەمەدوا دەبێت دادگەکان کار بە داڕشتەکەى پێشوو بکەن.
وەعدى مزووى گوتیشى: "ئەو هەموارە بۆ رێگرى بوو لە خۆکوشتنى ژنان لەژێر گوشارى هاوژینەکانیان کە هەندێکجار هۆکار بوون بۆ خۆکوشتنەکە".
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگە، کاریگەرییەکانى جێبەجێکردنى ئەو هەموارە لە 13ى 10ى 2001 بەگوێرەى ئەم هەموارە دەرکراون، هەڵدەوەشێتەوە.
وەعدى مزوورى گوتیشى: "بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى ئەو کەسانەى کە بەهۆى زیادکردنى دەستەواژەى 'هاندانى خۆکوشتن' سزا دراون، بێتاوان دەردەچن".
سکاڵاکە لەلایەن شاخەوان لوقمان حەکیم لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە، دادگە رەتکردنەوەى یاساکەى بەستووەتەوە بەوەى دژ بە بڕگەى دووەمى مادەى 121 ى دەستوورى عێراقە.
ئەو مادەیە باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتى هەرێمی کوردستان بۆى هەیە یاسای فیدراڵى هەموار بکات، ئەگەر دژیەک لە نێوان یاساى فیدراڵی و یاساى هەرێم هەبێت، کە پەیوەندار بێت بە پرسگەلێک بەو مەرجەى نەچێتە چوارچێوەى تایبەتمەندى دەسەڵاتەکانى فیدراڵى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ