رووداو - هەولێر
فالح ئەلزیادی، پارێزگاری موسەنا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند کە 26 راوچیی قەتەری لە سنووری خاکی عێراقدا رفێندران.
چەندین سەرچاوەی هەواڵی ئاماژەیان بە رفاندنی 26 راوچی قەتەری لە بیابانی سەماوە کرد و، رایانگەیاند "ئەوان لە درەنگانی شەوی رابردوو ( شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە) رفێندراون".
ئەلزیادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا روون نییە ئایا ئەو راوچییانە لە سنووری پارێزگای موسەنا رفێندراون یان نا، بەڵام لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوەمان کردووە و پەیوەندیمان بە سەرۆکایەتی وەزیرانەوە کردوە لەمبارەیەوە".
عەمار ئال-غەریب، ئەندامی پارێزگای موسەنا لە لێدوانیکدا باسی لەوە کردووە " لەنێو رفێندراوەکاندا ئەندامێکی خێزانی فەرمانڕەوای قەتەر هەیە" بەڵام پارێزگاری نەجەف لوئەی یاسیری ئەم هەواڵانەی بەتەواوی رەتکردەوە.
بیابانی سەماوە، بیابانێکی زۆر فراوانە و زۆربەی ناوچەکانیشی لە رووی ئەمنییەوە پارێزراو نین، بەڵام راوچییەکانی کەنداو بۆ خۆشی خۆیان دێنە بیابانەکانی باشوور و لەرێگەی بەکارهێنانی هەڵۆوە راودەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ