سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بۆ رووداو: رۆژی یەکشەممە پارەی مووچە دێت

17-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دێت. 
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەمموزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا رەزامەندی درا لەسەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان". 
 
سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچە، سەرچاوەکە گوتی:" لە رۆژی یەکشەممەوە پارەکە دێت".
 
هەر لەوبارەوە، هەڵکەوت عەزیز لە زاری سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە رایگەیاند "ئەمڕۆ ئەستەمە پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، ناردنی پارەکە رەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو." 
  
وردەکاریی رێککەوتنەکە
 
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە رووداوی راگەیاند، کە لە کۆبوونەوە بەشدار بووە، ئاشکرای کرد: "رێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵە، هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانەش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەست دەکات. 50 هەزار بەرمیل رۆژانەش بۆ بە کاربردنی ناوخۆییە، ئەگەر بەشی نەکرد، ئەوا حکومەتی عێراق 15 هەزار بەرمیلی دیکەی پێدەدات، بەڵام ئەو 15 هەزارە بەبێ بەرامبەر نییە."
 
کۆتایی ئەم ساڵ کارکردن بە بودجەی سێ ساڵەی حکومەت تەواو دەبێت. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "رێککەوتنەکە تاوەکو پەسندکردنی بودجەی 2026 کاری پێدەکرێت."
 
بە گوتەی ئەوە سەرچاوەیە، لیژنە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەستبەرکار دەبن. 
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی گوت کە ئامادەن لە ئێستاوە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، ئەوەیش پێی راگەیاند، ئامادەین و ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە."
 
بەگوتەی سەرچاوەکە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی گوتوە، ئێستا ئامادەن مووچەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، ئەویش گوتی، بەم شێوەیە ئێستا ئامادەن مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکۆنەی هێرشی درۆنی و کردنەئامانجی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە