رێکخراوێکی مافە دیجیتاڵییەکان: زانیاریی عێراقییەکان لەسەر ئینتەرنێت پارێزراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی تایبەت بە مافە دیجیتاڵییەکان هۆشداری دەدات لەوەی، "ئازادیی ئینتەرنێت بەردەوام رووی لە پاشەکشەیە و زانیاریی عێراقییەکانیش لەسەر ئینتەرنێت پارێزراو نین."
ئاسۆ وەهاب، ئەندامی بۆردی رێکخراوی INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''بەپێی راپۆرتەکانی فریدەم هاوس بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، ئازادیی ئینتەرنێت لە عێراق بەردەوام پاشەکشە دەکات، بەربەست دانان و بڕینی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوە و خۆپێشاندان دا، نیشانەی زەقی ئەو پاشەکشەیەن.''
هەفتەی رابردوو راپۆرتی 2025ی فریدەم هاوس بڵاوکرایەوە. بەپێی راپۆرتەکە، ئازادیی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە ئەمریکا و ئەڵمانیا کەمیکردووە.
فریدەم هاوس، ناوەندێکی ئەمریکییە و تایبەتە بە ئازادیی خەڵک لە وڵاتانی جیهاندا. لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "زۆرترین کەمبوونەوەی ئازادیی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە کینیا، ڤەنزوێلا و جۆرجیا تۆمار کراوە. هەروەها، لە سربیا و نیکاراگواش ئازادییەکە کەمبووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا عێراقیش بە نیمچە ئازاد دانراوە و 41 خاڵی لە 100 هەیە."
لەوبارەوە ئاسۆ وەهاب بە رووداوی گوت، "عێراق چەندین یاریی ئەلکترۆنیی سانسۆر کردووە، هەڕەشەی قەدەخەکردنی تیکتۆکی کردووە، لە رێگەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە داوای لە مێتا کردووە زانیارییان لەبارەی چەندین ئەکاونت پێبدرێت، بۆیە مێتا ناچاربووە هەندێک رێکار دژی عێراق بگرێتەبەر."
'ئازادیی ئینتەرنێت لە عێراق لە پاشەکشەدایە'
راپۆرتی فریدەم هاوس عێراقی وەکو وڵاتێکی نیمچە ئازاد لەڕووی دەستگەیشتن بە ئازادیی ئینتەرنێت پولێن کردووە، چونکە بەپێی راپۆرتەکە، "تاوەکو ئێستا عێراق کۆی ئامرازەکانی چاودێری بەکاردەهێنیت، کە بریتین لە: زیندانیکردن بەهۆی دەربرین و بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆک، بەکارهێنانی تووندوتیژی، چەواشەکردنی راستییەکان، راگرتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، قەدەخەکردنی هەندێک پلاتفۆرم و ماڵپەڕ."
ئاسۆ وەهاب ئاماژە بە بڕینی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکان لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەکات، وەکو 'خاڵێکی خراپ' دایدەنێت و دەڵێت، "بڕینی ئینتەرنێت بە دوو ئاراستەی جیاوازە، ئەویش لەکاتی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی و خۆپێشاندانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئەمەش تۆمارێکی خراپە."
ساڵانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی 12ی ئامادەیی، بە بیانووی رێگەگرتن لە گزیکردن، ئینتەرنێت لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاژێر لە سەرجەم عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگیرێت.
لەبارەی یاساکانی تایبەت بە ئینتەرنێت لە عێراق، ئەو ئەندامەی بۆردی رێکخراوی INSM رەخنە لە عێراق دەگرێت، کە نەیتوانیوە یاسای تایبەت دەربکات و دەڵێت، "لە عێراق یاسای رێکخستنی ئینتەرنێتمان نییە، تەنیا هەندێک رەشنووسی یاسامان هەیە پێشکێش کراوە و هەندێک رێنوێنی لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە دەرکراون، ئەم یاسایانە هەم لەڕووی نێوەڕۆکەوە خراپن و هەم بەربەست دەخاتە بەردەم ئازادییەکان.''
ئاسۆ وەهاب داوا دەکات، عێراق هەندێک یاسای گونجاو دەربکات بۆ رێکخستنی ئازادیی ئینتەرنێت و دەڵێت، "عێراق پێویستی بە کۆمەڵێک یاسایە بۆئەوەی کارەکانی بواری ئینتەرنێت رێکبخات و مافی بەکارهێنەر بپارێزێت، یاسای پاراستنی مافی بەرکارهێنەر و یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری لە عێراق پێویستن، چونکە ئەو رێنوێنییانەی هەن بە شێوەیەکی میزاجی بەکاردەهێندرێن."
چەند ساڵێکە عێراق هەوڵدەدات یاسای تاوانە ئەلکترۆنییەکان پەسند بکات، بەڵام وەکو ئاسۆ وەهاب دەڵێت، ''چەندین وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی رێگەیان نەدا پەسند بکرێت، هەرچەند سێ جار خوێندنەوەی بۆ کرا.''
بەگوێرەی راپۆرتە جیهانییەکان، وەکو 'راپۆرتی ئابووریی دیجیتاڵیی عەرەبی،" کە لەلایەن کۆمکاری وڵاتانی عەرەبییەوە دەرچووە، متمانە بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە بوونی یاسایەک، بەکارهێنەران بپارێزێت، لە عێراق یاساکانی پاراستنی زانیارییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەرزکردنەوەی متمانەی خەڵک بە خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان، ئەمەش هاندەرە بۆ زیاتر بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ لە کەرتی گشتی و تایبەتی لەلایەن خەڵکەوە، وەک حکومەتی ئەلکترۆنی و بازرگانیی ئەلکترۆنی."
ئەو ئەندامەی بۆردی رێکخراوی INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان باس لە جیاوازیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت، "راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جیاوازیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان ناکەن. تەنیا جیاوازی کە هەیە، یاسای بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکانە لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە یاسایەکی تەواو نییە، هەموو ئەو دۆخانەی لە راپۆرتەکانی فریدەم هاوس لە عێراق تۆمار کراون، لە هەرێمی کوردستانیش بە هەندێک وردەکاریی جیاوازترەوە هەن."
'سەروەریی دیجیتاڵی لە عێراق نییە'
لەبارەی سەرچاوەی ئینتەرنێت و پاراستنی زانیارییەکانەوە، ئاسۆ وەهاب هۆشداری دەدات، ''زانیاریی عێراقییەکان پارێزراو نین، چونکە سەرچاوەی ئینتەرنێت لە وڵاتانی دراوسێ دێت، سەرچاوەکانی زانیاری لە عێراق تاڵانکراون و پارێزراو نین، سەروەریی دیجیتاڵی نییە، لە ماوەی رابردوودا هاککەرەکان دەستیان گرتووە بەسەر زانیاریی خەڵکی، پەرلەمان و حکومەت و وەزارەتی بەرگریی عێراق، داوای پارەیان کردبوو، لەو باوەڕەدام پارەکەیان وەرگرت، چونکە هەر لەگەڵ دانانی نموونەیەکی داتاکان، دواتر هەڵیانگرتەوە و بڵاویان نەکردەوە."
بەپێی رێکخراوی INSM، لە عێراقدا "ژێرخانی دیجیتاڵی هێشتا لە گەشەکردندایە، بەکارهێنەران پارێزگاریی پێویستیان نییە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تایبەتمەندی کەسی، وەکو دزەکردن یان بەکارهێنانی زانیارییە کەسییەکان بەبێ رەزامەندیی خۆیان، بۆیە دەرکردنی یاسای روون لەم بوارەدا دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی پاراستنی مافی تاکەکان و رێگریکردن لە قۆستنەوەی زانیارییەکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی یان سیاسی بە شێوەی نایاسایی، ئەمەش جگە لە رەهەندە ئەمنییەکانی، لە هەموو وڵاتان، زانیاریی بەکارهێنەران بە بەشێکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی دادەنرێت، وڵاتانی زلهێز ململانێی تووند لەسەر بەدەستهێنانی زانیاری دەکەن، تەنانەت بۆ سەپاندنی هەژموونی جیۆسیاسیی خۆیان لە بۆشایی ئەلیکترۆنیدا هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاریی بەکارهێنەران دەدەن."
ئاسۆ وەهاب رەخنەی لە کوالێتی و نرخی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق گرت و گوتی، "هەرچەند کوالێتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشترە، بەڵام بەراورد بە وڵاتانی جیهان خراپترە، بڕی ئەو ئینتەرنێتەی دابین دەکرێت یەکسان نییە بە بڕی ئەو پارەی وەردەگیرێت.''