8.2 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، هەر شەش کەس یەکێکى بەردەکەوێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاماری دەستەی سەرژمێریی عێراق بۆ ساڵی 2024 دەریخستووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی تۆمارکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 8.2 ملیۆن ئۆتۆمبێل، کە بە هەر شەش کەس، ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت.
 
ئەو ئامارە بەشێک بووە لە پێنوێنیی ساڵانەی دەستەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاویکردووەتەوە.
 
ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، 8 ملیۆن و 287 هەزار و 604 ئۆتۆمبێل بوون، ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە تابلۆی هەمیشەیییان بۆ کراوە.
 
بەگوێرەی ئەو ژمارەیە، کە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکان بووە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025، هەر شەش کەسێک لە عێراق ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت.
 
لە ئامارەکەدا هاتووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراوی تایبەت لە ساڵی 2023دا 8 ملیۆن و 96 هەزار و 75 ئۆتۆمبێل بووە، بەو پێیە ساڵی دواتر 191 هەزار و 529 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون و زیادبوونەکە بە رێژەی 2.4% بووە.
 
دەستەی گشتیی ئاماری عێراق ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراوی ساڵانی 2020 بۆ 2024ی بڵاوکردووەتەوە، لە ماوەی ئەو پێنج  ساڵەدا 16% زیادی کردووە.
 
ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە 2020 تاوەکو 2024:
 
2020: 7,026,106
2021: 7,457,927
2022: 7,982,304
2023: 8,096,075
2024: 8,287,604

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە