عێراق
یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدایە لە هەموو پارێزگاکان بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە.
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارنامەیەکی هەشت خاڵی لەبارەی پرسی نەوت و مووچە پەسند کرد؛ تێیدا حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت.
رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ژمارە 14ی خۆی کرد، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. لە دانیشتنەکەدا پەرلەمان بڕیارنامەیەکی هەشت خاڵی پەسند کرد کە بریتین لە:
1. دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بژێوی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران لە سەرتاسەری عێراق.
2. پاڵپشتیی پەرلەمان: پەرلەمان ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێک کە یارمەتی حکومەت بدات لە دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت.
3. سەپاندنی دەسەڵات بەسەر سەرچاوە نەوتییەکان: پێویستە حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی نەوتدا بسەپێنێت.
4. جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
5. یاسای نەوت و گاز: دەبێت لە کارنامەی داهاتووی حکومەتدا، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێگیر بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
6. دابینکردنی نەوتی رەش: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە دابینکردنی نەوتی رەش بۆ کارگە حکومی و تایبەتەکان، بۆ رێگریکردن لە کەڵەکەبوونی نەوت لە پاڵاوگەکان و بەردەوامیی کارەکانیان.
7. نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک - جەیهان: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی عێراق کە لە کەرکووکەوە بەرەو رۆژئاوای مووسڵ، زوممار و پێشابوور دەچێت بۆ گەیشتن بە بەندەری جەیهان.
8. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جەنگی ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە و مەترسی لەسەر دابینکردنی بودجە و مووچە دروست بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ