رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق لە قەیرانێکی گەورەی ئابووری و داراییدایە و محەممەد شیاع سوودانیش پەیامی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، تێیدا هۆشداری داوە کە رەنگە نەتوانێت مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بکات و تەنیا "نیو مووچە" بدات.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی (نیوڕۆژ)ی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی هەناردەکردنەوەی نەوت، مووچە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان و کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد.
"سوودانی پەیامی نیو مووچەی ناردووە"
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق خراپە، بەڵگەش بە قسەیەکی سەرۆکی پەرلەمان دەهێنێتەوە و دەڵێت، :"دوێنێ سەرۆکی پەرلەمان پێی گوتم کە سەرۆکی حکومەت (سوودانی) پێی راگەیاندووە رەنگە نەتوانێت ئەم مانگە مووچەی تەواو بدات و تەنیا بتوانێت نیو مووچە دابین بکات."
بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سوودانی مەبەستی بووە لە رێگەی ئەم پەیامەوە گوشار بکات و وا پێشان بدات کە ئەگەر نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی کوردستانەوە هەناردە نەکرێت، عێراق تووشی قەیران دەبێت، بەڵام ئەترووشی ئەوە بە "زێدەڕۆیی" ناودەبات.
ئەو دەڵێت: "نەوتی کەرکووک تەنیا نزیکەی 9٪ـی کۆی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت و ناتوانێت کاریگەریی وەها گەورەی لەسەر بودجە و مووچە هەبێت، بەڵکو تەنیا بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و پێشاندانی ئەوە بووە کوردستان رێگرە."
کۆبوونەوەی پەرلەمان و تەواونەکردنی رێژەی یاسایی
سەبارەت بەو هەشت خاڵەی لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک بڕیار دەرکران، د. فەرهاد ئەترووشی گومانی خستە سەر رەوایەتیی یاسایی کۆبوونەوەکە و گوتی: "بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێک پێویستە رێژەی یاسایی (166 پەرلەمانتار) ئامادەبن، بەڵام لەم کۆبوونەوەیەدا تەنیا 50 بۆ 60 پەرلەمانتار لە هۆڵەکەدا بوون."
فەرهاد ئەترووشی گوتی، نە دەنگدان کرا و نە رێژەی یاسایی ئامادە بوو، بۆیە ئەو بڕیارانە تەنیا بۆ رازیکردنی شەقامی عێراقی بوون.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئەو هەشت خاڵەی بڵاوکراونەتەوە، هیچ شتێکی وای تێدا نییە کە زۆر نێگەتیڤ بێت بۆ هەرێمی کوردستان و زۆربەی باسی وەزارەتی نەوت و حکومەتی فیدراڵ دەکات، بەڵام شێوازی سازکردنی دانیشتنەکە لەژێر گوشاری لایەنەکاندا بوو. بەرای من، بەستنی ئەو کۆبوونەوەیە هیچ پێویست نەبوو."
هەناردەکردنی نەوت و پێکانی ژێرخان
فەرهاد ئەترووشی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە، کە بە کۆی گشتی لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاستی هەناردە دەگاتە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل.
ئەترووشی ئاماژەی بە هێرشەکانیش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "هێرشە درۆن و رۆکێتییەکان بۆسەر هەولێر و کێڵگە نەوتییەکان، کێشەی بۆ کۆمپانیاکان دروست کردووە" و گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە نایانەوێ رێگری لە هەناردەی نەوت بکەن، بەڵام پێویستە ژینگەیەکی ئارام بۆ کۆمپانیاکان دابین بکرێت.
سیستمی (ئەسیکۆدا) و کێشەی داهات
سەبارەت بە سیستمی (ئەسیکۆدا) بۆ رێکخستنی گومرگەکان، فەرهاد ئەترووشی رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پرەنسیپ دژی ئەم سیستمە نییە، چونکە سیستمێکی جیهانییە، بەڵام کێشەکە لە وردەکارییەکاندایە.
ئەترووشی گوتی: "حکومەتی بەغدا دەیەوێ لە رێگەی ئەسیکۆداوە 100٪ی داهاتەکان کۆنترۆڵ بکات، لەکاتێکدا بەپێی دەستوور و رێککەوتنەکان دەبێت داهاتی دەروازەکان 50 بە 50 بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا داوای کاتی کردووە بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە، بەڵام بەغدا دەیەوێ هەموو شتێک بە تەنیا کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش پێچەوانەی مادەی 114ی دەستوورە کە دەڵێت بەڕێوەبردنی گومرگەکان دەسەڵاتێکی هاوبەشە."
"درۆنەکان لە ناوخۆی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن"
لجێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زانیارییەکی تایبەتی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر ئاشکرا کرد و گوتی: "لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا کە 11 سەرکردەی سەربازی و ئەمنی ئامادە بوون، قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان زۆر بە راشکاوی گوتی کە ئەم درۆنانە هەموویان لە ناوخۆی عێراق و لە شوێنی زۆر نزیک لە هەولێرەوە ئاراستە دەکرێن."
ئەترووشی رەخنەی لە سوودانی گرت کە بە پەرلەمانی گوتووە "زانیاریمان نییە کێ هێرش دەکات"، لەکاتێکدا فەرماندە سەربازییەکانی خۆیان شوێنی هێرشەکان دەزانن؛ گوتیشی: "ئەرکی حکومەتی فیدراڵە کە رێگری لەم گرووپە چەکدارانە بکات، چونکە ناتوانرێ نەوت لە ژینگەیەکدا هەناردە بکرێت کە مەترسی لەسەر گیانی کارمەندەکان و کۆمپانیاکان هەبێت."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت:"لە سەردانەکانمدا بۆ لای بەرپرسانی عێراق و سەرۆکوەزیرانیش، داوای هەنگاوی بەپەلەمان کردووە بۆ وەستانی هێرشە درۆنییەکان، بەڵام سوودانی پێی گوتم زانیاریی تەواومان نییە لەبارەی ئەنجامدەران و شوێنی هێرشەکان و ئەو زانیارییانەش کە ئەمریکییەکان پێمانی دەدەن، ورد نین".
ئەترووشی تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی عێراق و ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا بەدەست کێشەی نەبوونی بودجە و دامەزراندنی دەرچووانەوە دەناڵێنێت و گوتی: "عێراق بە نیازە پارە لە بانکی ناوەندی قەرز بکات، چونکە حکومەتەکە کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی نییە بەبێ پەرلەمان هەنگاوی وەها بنێت. ئێمە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەیەکین بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت لە رێگەی وەرگرتنی قەرزەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ