رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دووەمین ئەزموونی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدات کە بۆ یەکەمجار گواستنەوەی زانیاریی دەنگدان تاقی دەکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 18ی ئابی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوودا دووەم ئەزموونکردنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێ، کە سەرجەم نووسینگەگانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان دەگرێتەوە بۆ هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی."
جومانە غەلای گوتیشی: "ئەو ئەزموونکردنە ئامێرەکانی وردبینیی ئەلیکترۆنی، کامێراکان، ئامێرەکانی هەژمارکردنی دەنگدان و گواستنەوەی دەنگەکان بۆ نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆن لە بەغدا دەگرێتەوە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجام دەدرێ، دەنگدانی تایبەت لە 9ی تشرینی دووەم، دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی دەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ یەکەمجار ناردنی زانیاریی دەنگدان بەشێوەى ئەلیکترۆنى بۆ نووسینگەی سەرەکی لەم ئەزموونکردنەى دەنگدانەدا دەکرێ کە پێشتر نەدەکرا."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەبێ؛ وردبینی لە ناسنامەی دەنگدەر، دەنگدان و گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ سێرڤەری نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆن لە بەغدا، بە ئەلیکترۆنی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ