داعش ساڵی رابردوو 189 هێرشی لە عێراق کردووە

19-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی توێژینەوەیەکی عێراقی، کردەوە و هێرشەکانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2023 بە بەراورد بە ساڵی 2020 بە رێژەی 88٪ کەمیکردووە، ساڵی پار ژمارەی هێرشەکانی داعش بۆ کەمتر لە 200 هێرش کەمیکردووە. لەکاتێکدا لە ساڵی 2020دا نزیکەی 1500 کردەوە بووە. 
 
بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ، کە سەنتەرێکی عێراقییە، لە ساڵی 2023دا داعش 189 هێرشی لە ناوچە جیاجیاکاندا کردووە. 
 
توێژینەوەکە لەلایەن د. عیماد عەلۆ روبەیعی، لیوا روکنی خانەنشین، پسپۆڕی بواری سەربازی و ئەمنی ئامادەکراوە، تێیدا باسی ئەوە دەکات ژمارەیەک هۆکار بۆ کەمبوونەوەی هێرشەکانی داعش هەبوون لەنێویاندا کەمبوونەوەی پشتیوانیی دارایی کە 3 بۆ 4 ملیۆن دۆلار کەمیکردووەتەوە. بەگوتەی ئەو توێژەرە، داعش پارەی لە باج و سەرانە و بەقاچاخبردنی چەک و دەرمان و نەوت و مادەی هۆشبەر و کەرەستەی دیکەوە دەستدەکەوێت، جگە لە پشتیوانی دارایی نێوخۆیی و دەرەکیی سووریا و عێراق.
 
بەپێی توێژینەوەکە کە پشتی بە داتای دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بەستووە، هێرشەکانی داعش لە چوار ساڵی رابردوودا بەمشێوەیە بوون: 
 
- ساڵی 2020: 1459 کردەوە
- ساڵی 2021: 1113 کردەوە
- ساڵی 2022: 484 کردەوە
- ساڵی 2021: 189 کردەوە
 
ئەو توێژەرە عێراقییە دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان لە رێگەی خۆگونجاندن لەگەڵ سرووشتی ئەو هەڕەشەیەی داعش دروستیکردووە توانیویەتی زیاتر کردەوەکانی ئەندامانی ئەو رێکخراوە سنووردار بکات، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی پڕۆسەکانی بەدواداگەڕان و راوەدوونان و پشکنین و گورزە ئاسمانییەکان و پڕۆسە تایبەتەکان و زیادکردنی هەوڵی هەواڵگری، هەموو ئەوانە رۆڵیان لە پاشەکشێپێکردنی چەکدارانی ئەو رێکخراوە هەبووە."
 
لە توێژینەوەکەدا دەردەکەوێت کردەوەکانی داعش لەنێوان شەڕی راستەوخۆ بە چەک و نارنجۆک تاوەکو چاندنی بۆمب و کردەوەی دیکە بووە بە پێچەوانەی هێرشەکانی پێشووی کە زیاتر پشتی بە خۆکوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و چەکی قورس دەبەست.
 
زۆرترینی کردەوەکانی داعش بەپێی پارێزگاکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار بووە بە 47 کردەوە، لە پارێزگای کەرکووک 39 کردەوە و لە پارێزگای دیالە 37 کردەوەی کردووە.
 
حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کەمبوونەوەی هێرشەکانی داعشەوە بە رووداوی گوت: "زیادبوونی توانای مرۆیی و چەک و تەقەمەنی و تفاقی سەربازیی هێزەکانی عێراق، ئەزموون وەرگرتن لە شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکان وایکردووە لە جاران باشتر رووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکان ببنەوە، جگە لەوەی گورزەکانی فڕۆکە سەربازییەکانی عێراق، هاوکاریی خەڵک لە پێدانی زانیاریی لەبارەی ئەندامانی داعشەوە رۆڵیان لە کەمکردنەوەی هێرشەکانیان هەبووە، هەرچەندە ئێمە دەمانەوێت بگاتە ئاستی سفر و بۆ هەتایە ئەو رێکخراوە لەنێو ببرێت."
 
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و کۆنتڕۆڵی کرد و لە 2017 کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکەی عێراق هێنرا. مەزەندە دەکرێت داعش لەو ماوەیەدا نزیکەی 20 هەزار کەسی کوشتبێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

سوودانی و بلینکن جەخت لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە؛ هەروەها باسیان لە دۆخی لوبنانیش کرد