رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکى دەرچووى لیستى جەماهیرى وەتەنى لە سەلاحەدین دوورخرایەوە، بە پاساوى ئەوەى رێوشوێنەکانى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى دەیگرێتەوە، سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە 16 هەزار دەنگى بەدەستهێنابوو.
بە گوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، زوهێر ئەعرەجى، وەک ئەندامى دەرچووى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین دوورخراوەتەوە، لە دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق توانیویێتى دەنگى پێویست بەدەستهێنێت بۆ ئەوەى ببێتە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا.
بڕیارەکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان لە 17ـی کانوونى دووەمى 2024 دەرکراوە، لەسەر بنەماى ئەو تانانەى پێشکێش بە دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن کراون لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکانەوە.
پاساوى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بۆ دوورخستنەوەى زوهێر عجێلى ئەوەیە کە رێوشوێنەکانى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى گرتوویەتییەوە کە پەیوەندارە "بە ئەندامێتیى حیزبى بەعس لە عێراق."
زوهێر عجێلى، بەربژێرى لیستى جەماهیرى وەتەنى بوو، لە هەڵبژاردنى 18ـی کانوونى یەکەمى 2023ـی ئەنجوومەنى پارێزگاکان دووەم زۆرترین دەنگى لیستەکەى بەدەستهێنا لە سەلاحەدین کە 16 هەزار و 368 دەنگ بووە.
رۆژی 18ـی کانوونى دووەمى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەستەى دادوەری وەڵامى هەموو تانەکانى بۆ کۆمیسیۆن ناردەوە کە 338 تانە بوون و 329 تانەیان تایبەت بوون بە ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و نۆ تانەکەى دیکەش تایبەت بوون بە سزادانى پێبژاردنى بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە بڕیارى لێدراوە دژى ئەو بەربژێرانە.
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ