رووداو - ئاژانسەکان
شارەزایەکی سەربازی ئەمریکی لە عێراق رایدەگەیەنێت، هێزەکانی مارێنز بە فعلی گەیشتوونەتە عێراق، بۆ بەشداریکردن لە جەنگی زەمینی، هەروەک چۆن لە رۆژانی رابردوودا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، كە ئامادەکارییەکان لەسەر خاکی عێراق دەستپێکردووە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەژێر دەستی داعش.
ئەو سەرچاوەیە کە ناوەکەی ئاشکرانەکراوە، روونیدەکاتەوە ئەمە جاری یەکەمە هێزەکانی مارێنز ئەمریکی لەسەر زەمین لە عێراق دژ بە داعش شەڕدەکەن، دەشڵێت "نزیکەی 3 هەزار مارين لە شوێنە جیاجیاکانی عێراق جێگیردەکرێن".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوە دەدات کە بە فیعلی سەدان مارين گەیشتوون و ئەوانی دیکەش لە هەفتەکانی داهاتوو دەگەنە عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ پرۆسەی پاککردنەوەی موسڵ.
ئاماژە بەو شوێنانەش دەکات کە هێزەکانی لێ جێگیرکراون و دەڵێت: " هێزەکان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد جێگیرکراون، بەشێکی دیکەیان چوونەتە بەغدای پایتەخت بۆ پارێزگاری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەترسییەکانی داعش لە رۆژئاوای ئەو شارە".
ماڵپەڕی "واریور سكاوت" لە مانگی دیسەمبەری رابردوو لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، كە کۆمپانیای ئەمنی تایبەت لە ویلایەتی "نورس کارۆلینا" چەند مانگێکە خەریکی رێکخستنەوەی جەنگاوەرانی پێشوون لە هێزە تایبەتەکان، بە مەبەستی ناردنیان بۆ عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2015 یانیش مانگی ئازار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ