چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بارەی پرسی بەربژێرکردنی مالیکی کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی بەربژێربوونی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ کشانەوەی مالیکی گەیشتوونەتە لووتکە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن زۆرینەی پەرلەمانتارانی نێو چوارچێوەکە لەگەڵ کشانەوەیدان.
 
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاربوو ئێوارەی دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ دواخراوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە بە فەرمی جێگیر نەکراوە."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی عەسائیب، کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی "یەکلاکەرەوە" دەبێت و تێیدا بڕیاری کۆتایی دەدرێت. شەیحانی ئاشکرای کرد کە بەرەیەکی ناڕەزایەتیی فراوان لە دژی مالیکی دروستبووە و گوتی: "لە کۆی نزیکەی 190 پەرلەمانتاری چوارچێوەکە، ئێستا نزیکەی 125 پەرلەمانتار داوای کشانەوەی دەکەن."
 
لەلایەکی دیکەوە، بەرەی نووری مالیکی گومانیان هەیە ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک بکرێت. هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندان، پێناچێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە.
 
ئەم کێشمەکێشە ناوخۆییەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کاتێکدایە، کە ماڵی شیعە لەژێر گوشارێکی توونددایە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام سووربوونی مالیکی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، درزێکی گەورەی لەنێوان هاوپەیمانەکانی دوێنێدا دروستکردووە.
 
ئەمریکا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا دەچنەوە، بەشێک لە چاودێرانیش هۆشداری دەدەن، گەڕانەوەی مالیکی بۆ کورسی دەسەڵات دەکرێت سزادانی عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە لێبکەوێتەوە.