خەمیس خەنجەر: ئاماژەی پارتی بۆ کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی ئایندەى وڵات دەخاتە مەترسییەوە

19-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەریی سوننە هۆشداری دا لەوەى ئاماژەى کشانەوە لە پرۆسەى سیاسیی عێراق لەلایەن پارتییەوە "هەموو ئاییندەى وڵات دەخاتە مەترسییەوە"، داواش دەکات هەولێر و بەغدا بە بەشداریی لایەنە هاوبەشەکان کۆببنەوە.
              
خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى راگەیاند، هەنگاونانى پارتى دیموکراتى کوردستان بەرەو بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان و ئاماژەدان بۆ کشانەوە لە پرۆسەى سیاسى "هەموو ئاییندەى وڵات دەخاتە مەترسییەوە."
 
19ـی ئادارى 2024، سەرۆکى هاوپەیمانیی سەروەرى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا؛ دیالۆگى نێوان هەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونى سەرجەم هاوبەشەکان باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرى کێشە سیاسییەکان و دەڵێت "پارتى دیموکراتى کوردستان یەکێک لە پایە گرنگەکانى ژیانى سیاسییە لە عێراق."
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە، 18-03-2024 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسیدا."
 
هەروەها عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق، رۆژی دووشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نووسیویەتی "بەداخەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە بڕیارە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت."
 
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، "سەرکردایەتی ئەو پارتە نیشتمانییە دێرینە هان دەدەین، پێداچوونەوە بەم بڕیارەی بکات، چاومان لەوەیە برامان جەنابی بەڕێز مەسعود بارزانیی چاکەکار، لەو هەڵوێستەی پاشگەزبێتەوە، بەردەوام بێت لە پەیڕەوی دیموکراسی، کە پێکەوە لەسەری رۆیشتووین لە دوای گۆڕانکاری، بۆ پێگەیاندنی ئەو دیموکراسییەش، بەرگەی سەختی و قوربانی و مەینەتیمان گرتووە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.