گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: سێ گەشتی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی گیرخواردووەکانی نیودەلهی رێکدەخەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سێ گەشتی ئاسمانیی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە رادەگەیێنێت کە لە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان گیریان خواردووە، گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی "عەرعەر" دەبن.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتەکان لەرێگەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەینی دەکرێن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات، لە نێویاندا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی یان بارەگای باڵیۆزخانەی عێراق لە نیودەلهی بکەن، بۆ ئەوەی رێکارەکانی بڕینی تکت و گەشتەکەیان بەپێی خشتەی دیاریکراو تەواو بکەن.
 
ئەم گەشتانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە سعودیە رێکخراون و هاووڵاتییان بۆ فڕۆکەخانەی عەرعەر دەگوازرێنەوە.
 
تاوەکو ئێستا هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە چوارچێوەی "پردی ئاسمانی" بۆ گەڕاندنەوەی گیرخواردووان، شەش گەشتی دیکەی لە نیودەلهی و قاهیرەوە بۆ فڕۆکەخانەی عەرعەر کردووە.
 
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەش کرد، لەو شەش کاروانەی پێشوودا، چوار گەشتیان لە نیودەلهی و دوو گەشتیان لە قاهیرەوە بووە، کە تێیاندا کۆی گشتی 657 هاووڵاتیی عێراقی گەڕێنراونەتەوە.