سوودانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بەفیڕۆدانی پارە لە هێڵی ئاسمانیی عێراق پێکدەهێنێت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و گوتیان 172 ملیار دینار لە کۆمپانیاکەدا بەفیڕۆ دراوە، سوودانی بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە و وردبینی پێکبهێنرێ. 

رۆژی یەکشەممە، 19-4-2026، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق لەبەردەم باڵەخانەی کۆمپانیاکە لە بەغدا گردبوونەوە. 
 
بە گوتەی بەشێک لە خۆپێشاندەران، قەبارەی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەو کۆمپانیایەدا گەیشتووەتە 172 ملیار دینار. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن لە کۆی 43 فڕۆکەی هێڵەکە، تەنیا 7 فڕۆکەیان کار دەکەن و ئەوانی دیکە لە خزمەتدا نین.
 
خۆپێشاندەرێک بە پەیامنێری رووداوی گوت: "دوو بریکاری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق لە هەرێمی کوردستان هەن کە 500 هەزار دۆلار دەدەن و سیستمەکەیان بۆ دەکرێتەوە. ئەو کارەش بە ئاسانکاریی هەندێک لە فەرمانبەران و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەکرێت."
 
ئیدریس ئامێدی، بریکاری پێشووی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بە رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە کە باسی گەندەڵی لە هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان دەکەن."
 
ئیدریس ئامێدی گوتیشی: "بەپێچەوانەی تۆمەتەکانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، هاوکارییەکی زۆری هێڵی عێراقییەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە؛ ئەوەی پێویست بووە و ئێمە داوامان کردووە، بە زیادەوە کردوویەتی."
 
هاوکات لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانەدا، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بڕیار دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وردبینی بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و ئەندامێتیی دیوانی چاودێریی دارایی و بەشی بەدواداچوون لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران.
 
ئەرکی لیژنەکە بریتی دەبێت لە پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی کارکردن، هەڵسەنگاندنی رێکارەکانی چاکسازی لە کۆمپانیاکە و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ سکاڵا و داواکارییەکانی فەرمانبەران سەبارەت بە مافەکانیان و هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە لەدەستدانی ناوبانگی نێودەوڵەتیی هێڵە نیشتمانییەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە