ئەبوبەكر بەغدادی: دوای رومادی، بەغدا و کەربەلا دەگرین

19-05-2015
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن ئەبوبەكر بەغدادی رومادی
A+ A-
رووداو ـ هەولێر

ئەبوبەکر بەغدادی، "خەلیفە"ی رێکخراوی داعش تۆمارێکی دەنگی نوێی بڵاوکردەوەو تێدا دەڵێ "دوای رومادی، نۆرەی گرتنی بەغدا و کەربەلایە". بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارە دەنگییەش لەکاتێکدایە کە لە دەزگا راگەیاندنەکانی جیهان و میدیا عەرەبییەکان دەنگۆی برینداربوونی بڵاوبووەوە.

ماڵپەرێكی سەر بە رێكخراوی داعش راپۆرتێكی ڤیدیۆیی بە ناونیشانی (داعش رومادی كۆنتڕۆڵ دەكات) بڵاوكردووەتەوەو تێیدا چەكدارانی داعش لە شاری رومادی رۆژئاوای عێراق نیشاندەدات.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر گرنگترین بنكە ستراتیژییەكانی شارەكەدا گرتووە، لەوانە: كۆمەڵگەی حكومی كە باڵەخانەكانی پارێزگا، ئەنجوومەنی پارێزگاو فەرماندەیی پۆلیس و رادیۆ و تەلەفزیۆن لەخۆدەگرێت.

هەر لەو گرتە ڤیدیۆییەدا تۆمارێكی دەنگی ئەبوبەكری بەغدادی "خەلیفە"ی رێكخراوی داعش بڵاوكراوەتەوە، کە دەستخۆشی لە چەكدارانی داعش دەكات بە بۆنەی كۆنترۆڵكردنی رومادی و بەڵێنیش دەدات "لە دوای رومادی نۆرەی شاری بەغداو كەربەلایە" كە کەربەلا بەلای شیعەكانەوە شارێكی پیرۆزە.

كۆنتڕۆڵكردنی شاری رومادی گەورەترین پێشڕەوی رێكخراوی داعشە لەدوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو. 

سەرەڕای لەدەستدانی چەندین ناوچە لە پارێزگاكانی دیالە، نەینەواو سەڵاحەدین لەساڵی رابردوو، بەڵام هێشتا رێكخراوی داعش زۆربەی ناوچەكانی سنووری پارێزگای ئەنباری بەدەستەوەیە، كە لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە كۆنتڕۆڵی كردوون و بەردەوامیش هەوڵیداوە ناوچەكانی دیكەش كۆنتڕۆڵبكات، كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەكاندان بەتایبەتی شاری رومادی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە