نوجەبای عێراق بۆ سەرۆکی ئەمریکا: خامنەیی بکرێتە ئامانج کەستان لە ناوچەکەدا سەلامەت نابن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەگەر رێبەری ئێران بکرێتە ئامانج، هیچ سەرباز و دیپلۆماتکارێکی ئەمریکیی لەناوچەکەدا سەلامەت نابن.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "سوێند بە خودا، ئەگەر دەستتان بەر موویەکی وەلیی ئوممەت، ئیمام خامنەیی [رێبەری ئێران]، بکەوێت، ئەوە ئێوە و هاوپەیمانەکانتان دەکەونە ژێر راوەدوونانی ئێمەوە، چونکە ویلایەتی ئێمە و ئێران لە ناوچەکەماندایە".
لەبەردەوامیی هەڕەشەکەیدا دژی سەرۆکی ئەمریکا، ئەمینداری نووجەبا، کە بە یەکێک لە لایەنەکانی نزیکی ئێران لە عێراق هەژمار دەکرێت دەڵێت، ئەگەر خامنەیی بکەنە ئامانج، ئەوکاتە "نە سەرباز و نە دیپلۆماتکار، هیچ کەسێکتان سەلامەت نابێت. بەڵکو هەرکەسێک هەڵگری رەگەزنامەی ئێوە بێت لە ناوچەکەماندا و هەموو بەرژەوەندییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانتان، تاوەکو لە ژیاندا بین، دەبنە ئامانجی شەرعیی ئێمە".
کەعبی بە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەناوی دیموکراسییەوە رووی خۆیان جوان دەکەن و بەرگری لە خۆیان دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات: "چاوەڕێی هێرشی یەکلاکەرەوەی دەوڵەتی حەق بن".
لە راگەیێندراوەکەدا ئەمینداری نووجەبا کە گرووپی چەکدارییان بە هەمان ناوەوە لە عێراقدا هەیە رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ قەڵای ئیسلام لە مەترسیدایە.. ئێمە لە مردن و هەڕەشە ناترسین بۆ ئەوەی لەگەڵ حەق بوەستین".
ئەوە لەکاتێکدایە، 17ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا رایگەیاند: "ئێمە بە دروستی دەزانین ئەو کەسەی پێی دەگوترێت 'رێبەری ئێران' لە کوێ خۆی حەشارداوە. ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام لەوێ سەلامەتە، ئێمە لەناوی نابەین (نایکوژین)، لانیکەم بۆ ئێستا نا".
رۆژی دواتر عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند: "هەڕەشە لەوانە بکەن کە لە هەڕەشە دەترسن.. هەڕەشە هیچکات کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی گەلی ئێران دانانێت".