رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووخانی بنمیچی بنکەیەکی سەربازی لە ئەنبار، سەربازێکی سوپای عێراق گیانی لەدەستدا و دووی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ئەنباریش دەڵێت، بنکەکە کۆنە و ساڵی 2003 دروستکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووز، سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە حەدیسە، بنمیچی بنکەیەکی سەربازی رووخا بەسەر چەند سەربازێکی سوپادا، کە بە هۆیەوە سەربازێک دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و دووی دیکەش بە سەختی بریندار بوون."
سەعد غازی گوتی، "ئەو بنکەیە لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکرابوو و نۆژەن نەکرابووەوە، بنمیچەکەی بە سەندوویچ پەنەڵ دروستکراوە و خۆڵ کرابوو بەسەریدا، سەربازەکانیش ویستوویانە بنمیچەکە بگۆڕن، سەرەتا کەمێک لە خۆڵەکەیان لاداوە و دواتر لە ژێریدا دانیشتوون بۆ نان خواردن لەوکاتەدا رووخاوە بەسەریاندا."
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی، "تەرمی مردووەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانە لە بەشی چاودێری چڕدان و دۆخیان باش نییە."
شاری حەدیسە، دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و 260 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ