کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق؛ نرخی گاز کەم دەکرێتەوە و باج دەخرێتە سەر ئۆتۆمبێلی کۆن
رووداو دیجیتاڵ
کەمکردنەوەی نرخی گازی شل بۆ کارگەکانی بلۆک، دانانی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی کۆن و بەخشینی دانیشتووانی پارێزگایەک لە پارەی ئاو، بەشێکن لە ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی بەرپرسیش لەو ئەنجوومەنە، زیادکردنی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، پێویستى بەوەیە وەک "دۆسیەى بەپەلە" بخرێتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 33ـیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.
بەگوێرەی کارنامەى کۆبوونەوەکە کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆری میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر پرسی مووچە لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ بکرێت، وەک پرسێکی بەپەلە دەخرێتەڕوو بۆ باسکردنی."
شوان کەلاری، بڕیاریدەدەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەکی وەزاری لە شەش وەزیر پێکهاتوون، تاوتوێی دەرئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا و راپۆرتەکان دەکەن کە لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی بەدەستیان گەیشتووە، لەسەر ئەو بنەمایە راپۆرت و راسپاردەی خۆیان دەدەنە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تاوەکو لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
کارنامەی کۆبوونەوەکە لە 25 بڕگەیە کە دووانیان وەک کارنامەی هاوپێچکراون بۆ کۆبوونەوەکە.
یەکێک لەو برگانەی بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا باس بکرێت راسپاردەیەکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابوورییە، بۆ دیاریکردنی نرخی گازی شل بۆ کارگەکانی بلۆک کە 250 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.
لە مانگی نیسانی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی یەک تۆن گازى شلی بە 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاریکردبوو.
کەمکردنەوەی نرخی گازی شل بۆ کارگەکانی بلۆک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوتی رەشە لەو کارگانە، کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژینگە دەبێت.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی دەکات، راسپاردەیەکی 19 خاڵی لیژنەی توێژینەوەیە لە رووداوەکانی هاتووچۆ.
بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ پێشنیاز کراوە، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچوۆ باج بخاتە سەر ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان یان ئەوانەی کە توانای کارکردنیان نەماوە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانیان، هەروەها وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل رێکبخات بۆ چارەسەری کێشەی قەرەباڵخیی شەقامەکان.
یەکێک لە پێشنیازەکانی دیکە ئەوەیە کە پشکنینی تەندروستی و دەروونی بۆ شۆفێران بکرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرن و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گشتین.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کارنامەی هاوپێچی کۆبوونەوەکەیدا تاوتوێی بڕیارێک دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی پارێزگای بەسرە لە پارەی ئاوی شەش مانگی کۆتایی ئەم ساڵ ببەخشرێن.
ئەو بەخشینە بەگوێرەی پێشنیازی بڕیارەکە بەهۆی ئەوەیە، کە رێژەی خوێ لە ئاوی ئەو پارێزگایە بەرزبووەتەوە و هاووڵاتییانی ناچار بوون ئاو بکڕن بۆ بەکارهێنان.