رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکى عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەندامێکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان دەرکرد، بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی سەربازگەی سپایکەر کە تێیدا 1700 خوێندکاری شیعە لە ساڵی 2014 بە دەستی داعش کوژران.
هەینی 20ی ئاداری 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بە دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو کەسە کردووە، بە پاساوی بێڕێزیکردن بەرامبەر بە "شەهیدانی عێراق".
یەزید حەسوون، شەوی جەژن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وێنەیەکی سەربازگەی سپایکەری لە شاری تکریت، ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی کرد.
بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە شیعەکانی تووڕە کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنەیان لێگرت و وەک ئاماژەیەک بۆ کوشتنی خوێندکارانی شیعە لەو سەربازگەیە لێکیان دایەوە.
لە ساڵی 2014دا 1700 خوێندکاری شیعەی سەربازگەی سپایکەر بە دەستی چەکدارانی داعش کوژران، لە دوای ئەوەی بەدیل گیران.
دوای ئەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە شیعەکانی تووڕە کرد، یەزید حەسوون پۆستەکەی سڕییەوە و رایگەیاند، هەڵەتێگەیشتن لە پۆستەکەیدا هەبووە؛ مەبەستی ئەوە بووە پەیامی خۆشەویستی و ئاشتی بنێرێت بەبێ بێڕێزیکردن بە هەر رووداوێکی ئازاربەخش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ