رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەبێ یەکلاییکردنەوەی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کۆتایی هات، بڕیارە رۆژی چوارشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەمان مەبەست کۆببێتەوە.
شەوی دووشەممە 20-4-2026 چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە ماڵی عەمار حەکیم کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە هەر یەک لە باسم بەدری و ئیحسان عەوادی وەکو بەربژێری سەرۆکوەزیران خرانە دەنگدانەوە، بەڵام هیچ کامیان دەنگی پێویست (دوو لەسەر سێ)یان بۆ بەربژێربوون بە دەستنەهێنا.
بە گوێرەی زانیارییەکان باسم بەدری، کە دەگوترێت لەلایەن نووری مالیکییەوە بەربژێر کراوە، لە کۆی 12 دەنگ حەوت دەنگی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە دەستهێناوە، لە کاتێکدا پێویستی بە 8 دەنگ بووە، هەرچی ئیحسان عەوادییە، کە دەگوترێت بەربژێری محەممەد شیاع سوودانییە، پێنج دەنگی بەدەستهێناوە.
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات. ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی راگەیاند، "یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران خرایە رۆژی چوارشەممە."
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەکانی نێو چوارچێوەکە "ئەرێنی و بەرپرسانە" بووە و بڕیاردراوە رۆژی چوارشەممە درێژە بە گفتوگۆکان بدرێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.
عەباس عامری ئاماژەی بەوە کرد: "کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو، تێیدا هەموو را و بۆچوونە جیاوازەکان خرانەڕوو. گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی بەرپرسانە بەڕێوەچوون."
سەبارەت بە هۆکاری رێکنەکەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران، عامری گوتی: "بەهۆی ئەوەی بابەتەکان پێویستییان بە کاتی زیاتر و وردبینی زیاتر هەبوو، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ تەواوکردنی ئەم گفتوگۆیانە بکرێت."
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی گەشبینی خۆی نیشاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و گوتی: "کەشەکە زۆر گونجاوە و ئینشائەڵڵا رۆژی چوارشەممە دەگەینە چارەسەری پێویست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ