رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراق 120 واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025، کە زیاتر لە 200 ملیار دینار شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
دووشەممە 20ی نیسانی 2026، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کۆکردنەوەی واژۆکان گەیشتووەتە 120 پەرلەمانتار لە کورد، سوننە و شیعە و ئەمڕۆ لە رێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە دەنێردرێ بۆ سەرۆکوەزیران.
لە نووسراوەکەدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە کە خەرجنەکردنی ئەو پارەیەی گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بژێوییان هەیە و ناتوانن بەردەوام بن لە پاڵپشتیی بازاڕی نێوخۆیی.
سروە محەممەد رایگەیاند، تێکرای ئەو پارەیە و شایستەی گەنمی جووتیاران کە تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە، نزیکەی یەک تریلیۆن و 600 ملیار دینارە و لەو بڕە 204 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
پاساوی خەرجنەکردنی تەواوی ئەو پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە نەبوونی نەختینەی پێویستە.
پار زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم لەعێراق بەرهەمهێندرا. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێ، ئەگەر بەشێوازی کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ