رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی یاسایی هۆشداری دەدات لە شێوازی داڕشتنی پڕۆژەیاسای (خزمەتی ئاڵا) لە عێراق و دەڵێ، دەستوور ئاماژەی بە "خزمەتی ئاڵا" کردووە نەک سەربازیی زۆرەملێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر یاساکە بەم شێوەیە تێپەڕێت، تێچووە داراییەکەی بۆ دەوڵەت و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی مەترسیدار دەبن."
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای یاسایی، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، شرۆڤەی یاسایی بۆ مادەی 9ی دەستووری عێراق کرد کە تایبەتە بە سیستمی سەربازی و هەواڵگری و گوتی، دەستوور کۆمەڵێک بنەمای گشتی چەسپاندووە و وردەکارییەکەی بۆ پەرلەمان جێهێشتووە، بەڵام ئەو پڕۆژەیاسای ئێستا جێگەی مشتومڕە.
بە گوتەی ئەو شارەزا یاساییە، بڕگەی یەکەمی مادەی 9ی دەستوور باس لەوە دەکات کە دەبێ سوپا لەژێر فەرماندەیی دەوڵەتدا بێت و نابێت هیچ هێزێکی میلیشیایی لە دەرەوەی دەوڵەت هەبێت. هاوڕێ تۆفیق دەڵێت، "دەستوور دەڵێت دەبێت سوپا ئیدارەیەکی مەدەنی بێت، ئەمەش واتە مەرج نییە وەزیری بەرگری پلەدارێکی سەربازی بێت، بەڵکو دەکرێ وەک وڵاتە دیموکراسییەکان کەسایەتییەکی ئەکادیمی بێت، بەمەرجێک سوپا دەستوەردان لە سیاسەت و هەڵبژاردن نەکات."
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی نێو پڕۆژەیاساکە، بڕگەی دووەمی مادەی 9یە کە دەڵێت "بە یاسا خزمەتی ئاڵا رێکدەخرێت." هاوڕێ تۆفیق دەڵێت، "دەستوور نەیگوتووە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ، بەڵکو گوتوویەتی خزمەتی ئاڵا. لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا خزمەتی ئاڵا تەنیا چەک هەڵگرتن نییە. بۆ نموونە، دەرچوویەکی یاسا یان پزیشکی دەتوانێت ساڵێک بێ مووچە لە دامەزراوەیەکی حکومی خزمەت بکات و ئەوە ببێتە خزمەتی ئاڵا، نەک هەموو گەنجان ببرێنە سەربازگەکان."
هاوڕێ تۆفیق ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەیاسای ئێستا بژاردەی "کڕینەوەی خزمەت"ی تێدایە، کە ئەمەش وادەکات تەنیا ئەوانەی پارەیان نییە بە ناچاری بچنە سەربازی، ئەمەش جۆرێک لە نادادی تێدایە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم یاسایە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوڕێ تۆفیق رایگەیاند، "بەوپێیەی سیستمی بەرگری، فیدراڵییە، یاساکە هەرێمیش دەگرێتەوە. بەڵام پێویستە نوێنەرانی کورد مەرجی ئەوە دابنێن کە فەرمانگەکانی خزمەتی سەربازی لە هەرێمی کوردستان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بن، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە."
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن گەنج لە عێراق و هەرێمی کوردستان خوێندن تەواو دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە، "ئایا دەوڵەت دەتوانێت تێچووی نان، جلوبەرگ، چەک و مەشق و راهێنانی یەک ملیۆن سەربازی نوێ دابین بکات؟"
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "ئێستا عێراق و کوردستان پڕن لە هێزی چەکدار؛ وەزارەتی بەرگری، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، موخابەرات و پۆلیس. زیادکردنی ملیۆنێک سەربازی دیکە واتە کۆمەڵگا بەرەو مەعەسکەربوون دەچێت، کە ئەمە لەگەڵ بنەماکانی دەوڵەتی دیموکراسیدا ناگونجێت."
ئەو شارەزا یاساییە پێیوایە لایەنی سوننە زیاتر پشتگیری ئەم یاسایە دەکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێو سوپادا دروستبێتەوە، چونکە ئێستا زۆرینەی سوپا و سەرکردایەتییەکەی لە پێکهاتەی شیعەن و کورد و سوننە تێیدا کەمن.
هاوڕێ تۆفیق هۆشداری دەدات کە ئەگەر یاساکە بەم شێوەیە تێپەڕێت، دەبێتە کێشەیەکی دیکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رەنگە کارەکە بگاتە دادگای فیدراڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ