وەزارەتی دارایی عێراق: رۆژانی هەینی و شەممە دەوامە بۆ ئەوەی پێش جەژن مووچە دابەش بکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق بڕیاری دا رۆژانی پشووی کۆتایی هەفتە بکرێتە دەوام، ئەوەش بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان پێش هاتنی جەژنی قوربان.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق، کە رۆژی دووشەممە، 20ـی ئایاری 2026، بڵاوکراوەتەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکەی کردووە، رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو دەوام رانەگرن و بەردەوام بن لە کارەکانیان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی بە مەبەستی "تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە"، بۆ ئەوەی پێش هاتنی جەژنی قوربان سەرجەمیان مووچەکانیان وەربگرن.
 
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چەند رێکارێک بگرێتەبەر، لەوانە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە، ناردنی داهاتی نانەوتی، هەروەها ناردنی نووسراوی بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
 
لە کاتێکدا تەنیا هەفتەیەکی ماوە بۆ جەژنی قوربان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کام لەو رێکارانەی جێنەجێ نەکردووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە