عێراق 73 تانكەكە لە رووسیا دەكڕێت؟

20-08-2017
پۆڵ ئیدن
نیشانەکردن عێراق رووسیا
A+ A-

رووداو- هەولێر

مانگی رابردوو حكومەتی عێراق گرێبەستێكی كڕینی تانكی جۆری (T_90)ی لەگەڵ حكومەتی رووسیا واژۆ كرد. كۆمپانیای بەرهەمهێنەری تانكەكان ئاشكرای كردووە كە 73 تانكی لەو جۆرە رەوانەی عێراق دەكات، بەڵام شارەزایان پێیانوایە جێبەجێكردنی ئەو گرێبەستانە كاتێكی زۆری دەوێت.

مایكڵ نایتس، شارەزای كاروباری عێراق لە پەیمانگای واشنتن، بە (رووداو)ی گوت "زۆر گرێبەستی لەو جۆرە لە رابردوودا كاتێكی زۆریان بردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، هەڵبەت ئەگەر هەر جێبەجێ بكرێن، بە تایبەتیش كاتێك مەسەلەكە فرۆشتنی ژمارەیەكی زۆر كەرەستەی نوێی سەربازیی بێ".

نایتس پێیوایە تەنیا كاتێك دەكرێ بڵێین ئەو گرێبەستە كراوە كە "تانكەكان رەوانەی عێراق بكرێن و پارەكەش گوازرابێتەوە". ئەوەشی گوت كە "عێراق پێویستە زۆر دەستكراوە بێت بۆ ئەوەی بتوانێ دەرەقەتی پارەی ئەو هەموو تانكە بێت".

تیمور ئاخمێتۆڤ، شرۆڤەكاری كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجوومەنی كاروباری نێودەڵەوتی رووسیا، ئاماژە بۆ گۆڕانێك لە تێڕوانینی حكومەتی عێراق دەكات، لەبەر ئەوەی "حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لەدوای رووخانی سەدام حوسێنەوە جەختیان لەوە كردووەتەوە كە حەز دەكەن تانكی رۆژئاوایی بەكاربهێنن. بەڵام شەڕی سووریا و عێراق هێز و كاریگەریی مەكینە جەنگییەكانی رووسیای دەرخست".

بە بۆچوونی ئاخمێتۆڤ "ئەم گرێبەستە بۆ رووسیاش سەركەوتنێكی گەورەیە، رەنگدانەوەی سەركەوتنی تانكی (T_90)ی رووسی لە سووریا و سیستەمی دژەـ مووشەكی (TOW)ە كە لە سووریا ئەركی پارێزگاری لەو تانكانە لەئەستۆیە".

شرۆڤەكارە رووسیەكە پێیوایە هۆكاری ئەوەی حكومەتی عێراق رووی لە كەرستەی جەنگی رووسی كردووە ئەوەیە كە لە كەرستە سەربازییەكانی ئەمریكا هەرزانترن  و بەكارهێنانیشیان ئاسانترە. جگە لەمەش رووسیا بایەخێكی زۆر بەوە نادات لایەنی كڕیار ئەو چەك و كەرستە سەربازییانە بۆچی بەكاردەهێنێ.

ئاخمێتۆڤ و نایتس لەسەر ئەوە كۆكن كە ئاسان بوونی بەكارهێنان و لێخوڕین و چاككردنەوەی كەرستە جەنگییەكانی رووسیا هۆكاری سەرەكی كڕینی چەكەكانە لە مۆسكۆ. نایتس گوتی "سەربازانی عێراق حەزیان لە تانكە رووسییەكانە، چونكە لەگەڵیان ئاشنان، جگە لەمە ئەو تانكانە هەم چاككردنەوەیان ئاسانە، هەم بە ئاسانی بار دەكرێن و هەمیش بۆ زۆربەی پردەكانی عێراق دەست دەدەن.

حكومەتی عێراق مێژوویەكی دووری لە بەكارهێنانی تانكەكانی (T_72) و (T_55)دا هەیە. لە كۆتایی هەشتاكان، ماوەیەك دوای شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران و ماوەیەك پێش دەستپێكردنی جەنگی یەكەمی كەنداو، بەغدا بەنیازبوو كارگەی بەرهەمهێنانی تانكی (T_72) بەناوی شێری بابل لە عێراق بكاتەوە.

وەكوو ئاخمێتۆڤ ئاماژەی پێدەكات لە دوای 2003 حكومەتی عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی كەرستە و تەكنۆلۆژیای جەنگی ئەمریكی داوە، لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2012 حكومەتی ئەمریكا 140 تانكی جۆری ئابرامسی ئێم یەكی بە عێراق فرۆشتووە. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا حكومەتی عێراق مەیلێكی زیاتری بۆ چەك و كەرستە سەربازییەكانی رووسیا تێدا دروستبووە و نموونەی ئەمەش لە چەكەكانی هەلیكۆپتەردا دەبینرێت. 

عێراق سەرەتا بەنیاز بوو 24 هەلیكۆپتەری جۆری بوینگ و ئاپاچی (AH_64) لە ئەمریكا بكرێت و تێچووی ئەو پاكێجەش 4.8 ملیار دۆلار بووە. بەڵام ئەو گرێبەستەی حكومەتی عێراق بە نیاز بوو بیكات شكستی هێنا، یەكێك لە هۆكارەكانیش ئەوە بوو كە حكومەتی عێراق پێویستی بە ساڵانێكی زۆر دەبوو بۆ ئەوەی ئەو جۆرە هەلیكۆپتەرانە لەگەڵ سیستەمی سەربازی و ئاسمانی خۆیدا بگونجێنێ.

بەغدا ژمارەیەك هەلیكۆپتەری جەنگی جۆری نایت هانتەر (MI_28) و هیند (MI_35)ی رووسی كڕی، كە هەر زوو لە ئۆپەراسیۆنەكانی گرتنەوەی رومادی و فەللوجەدا كەڵكیان لێوەرگیرا. لە هاوینی 2014 و لە كاتی هێرشەكانی داعش ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگی جۆری (SU_25)ی رووسی لە ئێران و رووسیا وەرگرت. حكومەتی عێراق لە سەردەمی سەدامیشدا كەڵكی لەو فڕۆكانە وەرگرتبوو. 

بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەو هەنگاوانە، عێراق سەركەوتووانە فڕۆكەی جەنگیی (F_16)ی لە ئەمریكا كڕیوە و ئەو فڕۆكانە لە جەنگی دژی داعش بەكارهێنراون. نایتس پێیوایە كڕینی دەبابەت (T_90) جگە لە "راگەیەندراوێكی سیاسی" هیچی دیكە نییە، لەبەر ئەوەی "عێراق لە بنەڕەتدا پێویستی بە تانك نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە