دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە پلە باڵاکان هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق هەمواری یاسای پاسپۆرتی عێراقی هەڵوەشاندەوە، کە سەرەکیترین گۆڕانکارییەکانی، پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بوو بە پلە باڵاکان و خێزانەکانیان.
 
سکاڵاکە لەلایەن وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقەوە بەجیا پێشکێشکرابوون و دواتر سکاڵاکان یەکخرابوون، تیێاندا داوایان دەکرد ئەو هەموارە بە نادەستووری بناسرێت کە پەرلەمانی عێراق لە یاسای پاسپۆرتدا کردوویەتی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ى ئابى 2025 دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری دا، ئەو هەموارەی پەرلەمان کردوویەتی، "نادەستوورییە".
 
رۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای پاسپۆرتی پەسند کرد، کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانەوە پێشکێشکرابوو.
 
دیارترین گۆڕانکارییەکانی ئەو هەمووارە ئەوەیە، پاسپۆرتی دیپلۆماسی بدرێتە پلە باڵاکان و خێزانەکانیان، کە پێشتر بە رێنمایی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە پێیان دەدرا. ئەو کەسانەی زیادکرابوون 25 پۆستی پلە باڵا بوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا بەگوێرەى هەموارەکە پاسپۆرتی دیپلۆماسییان بۆ دەرکراوە، لێیان وەرناگیرێتەوە، بەڵام بۆ هەمیشەیی نابێت و ماوەی بۆ دیاریکراوە. پاسپۆرتی دیپلۆماسیی پەرلەمانتاران لە 9ی کانوونی دووەمی 2029 بەسەر دەچێت."
 
پێش هەموارەکە، منداڵی ئەو پلە باڵایانەی کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوو، پاسپۆرتی دیپلۆماسییان پێدەدرا، بەڵام بەگوێرەی هەمواری یاساکە، ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵانە و هێشتا هاوسەرگیرییان نەکردووە.
 
سکاڵاکان لەسەر ئەو بنەمایە پێشکێشکرابوون کە هەموارەکە پێچەوانەی مادەکانی 58، 67 و 80ـی دەستووری عێراقە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی رۆژی 24ی حوزەیرانی 2025، لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایە بڕیارێکی  فەرمانسالارى دەرکرد بۆ راگرتنی کارکردن بەو هەموارە، تاوەکو سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە.