چوارشەممە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکاتەوە و دەنگ بە هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەدات.
سرووە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەم شەو (دووشەممە، 20-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی دەکات، تێیدا دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێتەوە. هەروەها لە بڕگەی دووەم، دەنگ بە پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەدرێت.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "رۆژی چوارشەممە تەنیا دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێتەوە، سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت."
سەبارەت بە هەمواری یاسای کۆمیسیۆن، بڕیار رەشید، گوتی "وەک نوێنەرانی کورد، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبین، پشتگیریی هەموارکردنەکە دەکەین و دەنگی پێدەدەین."
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامیێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی سووننەکانە، تائێستا بە فەرمی سووننەکان لەسەر بەربژێرێکی دیارکراو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون.
بۆ پڕکردنەوەی شوێنی محەممەد حەلبووسی، ناوی چەند کەسێک دەهێندرێت، لەوانە موسەننا سامەرائی، مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، سالم عیساوی، زیاد جەنابی، هەیبەت حەلبووسی کە ئەمەی دواییان لە محەممەد حەلبووسییەوە نزیکە، بەڵام هەیبەت حەلبووسی رەتیکردووەتەوە خۆی بەربژێر بکات.