نووری مالیکی، هادی عامری و فالح فەیاز بۆ پێکهێنانی حکومەت دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو بەرپرسی باڵای هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ناوی ئەندامانی سەرەکیی دوو لیژنەکەی ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ رووداو ئاشکرا دەکەن کە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەن.
 
دوو لیژنەکە، شەوی 17ی تشرینی دووەم بڕیاری پێکهێنانیان درا، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند.
 
عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە بە رووداوی گوت: "شێخ هومام حەمودی، بەڕێزان عەمار حەکیم و عەبدولسادە فرێجی، ئەندامی لیژنەی دیاریکردنی کاندیدى سەرۆکوەزیرانن."
 
هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەیە، عەبدولسادە فرێجی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانییە، کە پارتی فەزیلە پێکهێنەری سەرەکییەتی.
 
کاری ئەو لیژنەیە تاوتوێی سیڤی ئەو کەسانە دەبێت، کە دەیانەوێت ببنە بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، ئەوەش بەگوێرەی چەند پێوەرێک کە دیارییان کردووە.
 
رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "ئەو سێ کەسایەتییەی دیاری کراون بۆ لیژنەکە وەک سەرەکین و  لایەنەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوون و رۆڵیان لە لیژنەکە دەبێت."
 
دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەرکێکی ئاسان نابێت، بەتایبەت کە ژمارەی کورسیی لایەنە سەرەکییەکان نزیکن لە یەکدییەوە.
 
رەحیم عەبودی رایگەیاند: "لیژنەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران لە قۆناخی تاوتوێی ناوخۆییدایە بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان و پێوەرەکانی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، کە لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی، توانا و پێشینە و قورسایی سیاسی دەبێت و دەرگاش لەبەردەم سەرجەم پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوەیە بۆ ئەوەی بەربژێر پێشکێش بکەن ئەگەر هەبوو."
 
لیژنەی دووەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تایبەتە بە دابەشکردنی پۆستەکان و دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند: "نوورى مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، فالح فەیاز، سەرۆکی هاوپەیمانی عەتا و دەستەی حەشدی شەعبی ئەندامانی سەرەکیی لیژنەکەن.
 
لایەنە شیعەکان، کە زۆربەیان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە 180 کورسییان بە دەستهێنا.
 
رێکارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەر لە پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە دەستیپێکردووە، بەبێ پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی، پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە.