بەراورد بە هەڵبژاردنى رابردوو، ملیۆنێک کەس کەمتر دەنگیانداوە

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا ژمارەی دەنگدەران یەک ملیۆن کەمی کردووە. بەرپرسێکى کۆمیسیۆن دەڵێت "لە هەڵبژاردنى 2021 ژمارەى ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەبوو، زیاتر بووە لەم هەڵبژاردنە، ئەمەش بەهۆى کارتى ئەلیکترۆنیی کاتیى دەنگدانەوە بووە."
                                                      
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021، ژمارەى ئەوانەی لە 18 پارێزگاى عێراقدا دەنگیان دا، نۆ ملیۆن و 77 هەزار و 779 کەس بوو، ئەگەر ژمارەى دەنگدەرانى سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستانى لێ جیا بکرێتەوە، دەکاتە حەوت ملیۆن و 618 هەزار و 668 دەنگدەر.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 22 ملیۆن و 116 هەزار و 368 کەس لە 15 پارێزگەى عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەبووە، بەجیاکردنەوەى سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان 18 ملیۆن و 838 هەزار و 817 کەس لە تۆمارى دەنگدەراندا ناویان هەبووە، کە مافى دەنگدانیان هەبووە، لەو هەڵبژاردنەدا نۆ ملیۆن و 761 هەزار و 38 کەس، کە ناویان لە تۆمارى دەنگدەراندا هەبووە و دەنگیان نەداوە و، حەوت ملیۆن و 612 هەزار و 668 کەسیش دەنگیان داوە.
 
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆى 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافى دەنگدانیان هەبووە، شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان داوە. بەو پێیە نۆ ملیۆن و 559 هەزار و 120  دەنگدەر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا دەنگیان نەداوە. بەمەش بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، یەک ملیۆن و 13 هەزار کەس دەنگیان نەداوە.
 
ژمارەى ئەو کەسانەى لە هەڵبژاردنى رابردوودا مافى دەنگدانیان هەبوو، زیاتر بووە لەم هەڵبژاردنە، کە دوو ملیۆن و 280 هەزار کەس بوون.
 
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ژمارەى ئەو کەسانەى لە هەڵبژاردنى 2021 مافى دەنگدانیان هەبوو، زیاتر بوو لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەهۆى ئەوەى، لە هەڵبژاردنى رابردوودا جگە لەو کەسانەى کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەبوو، ئەو کەسانەش مافى دەنگدانیان هەبوو، کارتى ئەلیکترۆنیی کاتییان هەبووە، ئەوانیش زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بوون لە عێراق."
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق 8ـی ئاب تاوەکو 15ـی ئەیلوولى 2023 دەرفەتى دا بەو کەسانەى دەیانەوێت ئەو کارتە ئەلیکترۆنییە کاتییە بکەنە کارتى دەنگدانى بایۆمەترى. حەسەن هادی گوتی "هەر کەسێک کارتی دەنگدانە کاتییەکەی نەکردبێتە کارتى دەنگدانى بایۆمەترى، ناوى لە تۆمارى دەنگدەران هێندراوەتە دەرەوە".