1555 دەرکراوی سیاسی لە عێراق دامەزران
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی یەکلاییکردنەوەی کاروباری دەرکراوە سیاسییەکان لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 1555 کەسی لە دەرکراوە سیاسییەکان دامەزراند.
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەردەوامین لە یەکلاییکردنەوەی هەموو ئەو دۆسیانەی لە وەزارەتەکان، دەستە سەربەخۆکان و پارێزگاکانەوە بۆمان دەنێردرێن."
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی: "ئەو دەرکراوە سیاسییانەی بڕیاری دامەزراندن دەیانگرێتەوە، بڕیارەکەیان بۆ فەرمانگەی گەنجینەی پارێزگاکان دەنێردرێ و دواتر بەپێی پێویستی بەسەر فەرمانگەکاندا دابەش دەکرێن."
حەیدەر مەجید راشیگەیاند: "ئەو کەسانەی تەمەنی یاسایی دامەزراندنیان هەیە، دوای دەرچوونی بڕیاری دامەزراندن دەست بە دەوام دەکەن و ئەوانەش کە تەمەنیان تێپەڕیوە، خانەنشین دەکرێن."
بە گوتەی حەیدەر مەجید، هەموو رۆژێکی پێنجشەممە ناوی ئەو دەرکراوە سیاسییانە بڵاودەکرێتەوە کە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت دادەمەزرێن.
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی: "پێشتر پێشکێشکردنی مامەڵەی دامەزراندنی دەرکراوە سیاسییەکان راگیرابوو، بەڵام ئەم ساڵ بۆ کەسوکاری نزیکی شەهیدان کرایەوە".
یاسای ژمارە 24ـی ساڵی 2005 و هەموارەکانی تایبەتن بە دەرکراوە سیاسییەکان لە عێراق و ئامانج لێی گێڕانەوەی مافی ئەو فەرمانبەرانەیە کە لە 17-7-1968 تاوەکو 9-4-2003 بە هۆکاری سیاسی لە کارەکانیان دەرکرابوون.