لیژنەى دارایی داواى زانیاریى لەبارەى مووچە دەکات؛ 'هەرێمى کوردستان داهاتى 2023ى رادەست نەکردووە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق داواى ژمارەى"تەواو"ی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە وەزیرى دارایی عێراق دەکات وەک ئامادەکارى بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى. بە گوتەى سەرۆکى لیژنەکە لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرى دارایی پێى راگەیاندوون، "لە ساڵى 2023 هەرێمى کوردستان هیچ داهاتێکى رادەست نەکردووە و تەنیا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى داوەتە پاڵاوتگە حکومییەکان."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ى کانوونى دووەم، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق، بۆ تاوتوێکردنى پرسە دارییەکان و خەرج و تەواوکردنى خشتەى تایبەتى بە بودجەى 2024 کۆبوونەوە.
 
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پشکى هەرێمى کوردستان و مووچەى فەرمانبەرانى کرا،کە پێویستە سەرجەم زانیارییەکان ئامادە بکرێن.
 
مستەفا گەعاوى گوتیشى، "دوامان لە وەزیرى دارایی کرد کە زانیارى تەواو لەبارەى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و خەرجییەکانیان ئامادە بکەن کە تاوەکو ئێستا بە تەواوى بەردەست نییە، وەک هەنگاوى بەر لە هەموارى یاسای بودجەى گشتى".
 
وەزارەتى دارایی عێراق لە 16ـی کانوونى دووەمى 2024 نووسراوێکی ئاڕاستەى دامەزراوەکانى عێراق کرد و وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستانیشی تێدایە و داواى لیستى مووچەى فەرمانبەرانى کردووە.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە دەبوو بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى، چەند هەنگاوێک بنرایە بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى، لەوانە دانانى هەژمارى بانکیی تایبەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و داهاتەکانیان، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوانە "کارانین".
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان کردووە کە زانیارى تەواو لە بارەى خەرجیی راستەقینە و کورتهێنان لە رێگەى نووسراوى فەرمى ئامادە بکرێت و پەلەش بکرێت لە ئامادەکردنى خشەى تایبەت بە بودجە و ناردنى بۆ لیژنەکەیان بە مەبەستى دەنگدان لەسەرى.
 
عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، "لەو کۆبوونەوەیەدا تەیف سامى، وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵى پێى راگەیاندوون کە هەرێمى کوردستان هیچ داهاتێکى لە ساڵى 2023 رادەستى حکومەتى فیدراڵى نەکردووە و تەنیا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى داوەتە پاڵاوتگە حکومییەکان."
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە پێویستى زانیوە سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى چارەسەر بکرێن، بەتایبەت کە تورکیا رازی بووە هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش پێویستى بە یەکلاکردنەوەى پرسی تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە.
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، پێویستە پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرمێى کوردستان دوور بخرێتەوە لەهەر ناکۆکییەکى سیاسى و داواشی لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد کە بەتەواوى پابەند بێت بە جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتى.