پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا نرخی وەرگرتنی گەنم زیاتر بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا نرخی وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ وەک پارى لێ بکرێتەوە، بەوەش هەر تۆنێکی نزیکەی 100 هەزار دینار زیاد دەکات.
 
ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 20ی نیسانی 2026 دەرکراوە کە چوار خاڵە؛ گرنگترینیان هەژمارکردنی نرخی وەرگرتنی گەنم بە هەمان بڕی پار، خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران کە نەدراوە، دواخستنی وەرگرتنەوەی قەرزی کشتوکاڵی لە جووتیاران هەتاوەکو یاسای بودجەی گشتی پەسند دەکرێت.
 
سێشەممە 21ى نیسانى 2026 سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لەوەی پەیوەندیدارە بە گەڕاندنەوەی نرخی گەنم بۆ ئەو بڕەی پار هەبووە، بڕیارەکەی پەرلەمان دەنێردرێت بۆ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
 
پار تۆنێک گەنم بەگوێرەى کوالێتیەکەى لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە 800 بۆ 850 هەزار دینار وەردەگیرا.
 
سێشەممە 21ى نیسان رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووریی عێراق 700 هەزار دیناری دیاریکردبوو بۆ هەر تۆنێکی گەنمی ئەم ساڵ و بەگوێرەی ئەو بڕیارەی پەرلەمان، دەگەڕێتەوە سەر نرخی پار و جووتیارانی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبن؛ ئەوە جگە لە شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە، بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێت خەرج بکرێت.
 
پار زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم لە عێراق بەرهەمهێنرا، وەزارەتی بازرگانیی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تێچووی بەرهەمهێنانی گەنم لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، چونکە لەو ناوچانەی دیکە قەرز دەدرێتە جووتیاران بۆ کڕینی سیستەمی ئاودێری و مادەی قڕکەر، هەروەها پەینیان بە نرخی پاڵپشتیکراو پێ دەدرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە