عەتەبەی عەباسی شیعە: بۆ هەڵبژاردن پاڵپشتیی هیچ لایەنێک ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

عەتەبەی عەباسی لە کەربەلا، کە یەکێکە لە مەزار و ناوەندە سەرەکییەکانی شیعە لە عێراق، رەتیدەکاتەوە پاڵپشتیی هیچ بەربژێر و لایەنێک بکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەو ناوەندە لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی رەتکردنەوە، هەندێک لە کەسایەتییەکان و راگەیاندنەکان بڵاویانکردبووەوە لەبارەی ئەوەی، عەتەبەی عەباسی پاڵپشتیی لایەنێکی سیاسی یان بەربژێرێکی دیاریکراو دەکات.
 
عەتەبەی عەباسی یەکێکە لە پیرۆزگە، دیارترین مەزار و ناوەندە ئایینییەکانی شیعە لە کەربەلا، کە لە پرسە ئایینییە تایبەتەکانی شیعەدا رۆڵی هەیە.
 
عەلی بەدری، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی عەتەبەی عەباسی بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵوێستی ناوەندەکەیان لەو هەڵبژاردنەدا بێلایەنە و پاڵپشتیی هیچ لایەنێکی سیاسی و بەربژێرێک ناکات."
 
ئەو رەتکردنەوەیەی عەتەبەی عەباسی لەدوای ئەوە بوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی ئەوە کراوە کە پارتی ئیشراقەی کانوون سەر بە عەتەبەی عەباسییە.
 
ئیشراقەی کانوون 7 ئەندامی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵیش لە چەند پارێزگایەکی زۆرینە شیعە بەشدارە.
 
لە 3ی تشرینی یەکەمەوە بانگەشە دەستیپێکردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بکرێت.