لە کەربەلا 19 کەس بە تۆمەتی سووتاندنی کەژاوەی حوسێنی بە زیندانی تاهەتایی سزا دران

رووداو دیجیتاڵ

دادگای تاوانەکانی کەربەلا 19 کەسى بە تۆمەتی سووتاندنی کەژاوەیەکی حوسێنی لە کاتی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، بە زیندانی تاهەتایی سزا دا. 
 
لە راگەیێراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقدا، ئەو 19 کەسە بە "تیرۆریست" ناوبراون و ئاماژە بەوەشکراوە کە یەکێکیان ژن بووە و سەر بە رێکخراوی داعش بوون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەم ساڵ زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکار بەشدارییان لە چلەی ئیمام حوسێندا کردووە، کە زیارەتکارانی عێراقی و بیانی دەگرێتەوە.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، "ئەو 19 کەسەی سزا دراون، پلانیان هەبووە بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان لە کاتی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێندا، بە ئامانجی تۆقاندنی هاووڵاتییان."
 
ئەو کەسانە بەگوێرەی چەند ماددە و بڕگەیەکی یاسای بنبڕکردنی تیرۆر و یاساى سزادانی عێراق سزادراون.