رووداو- هەولێر
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، "دوای هێرشەكانی پێشمەرگە بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، رێكخراوی داعش ئەو چەكدارانەی خۆی كە لە شەڕی شنگال رایانكردووە لەسێدارەیان دەدات".
عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی ١٤ ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هێرشەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، بەسەدان چەكداری داعش رایانكردووەتە مووسڵ، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیش ئەو چەكدارانە لەسێدارەدەدات".
گوتیشی: "ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٠ چەكداری داعش لە مووسڵ لەسێدارەدراون و بەسەدان چەكداری دیكەشیان مووسڵ بەجێدەهێڵن و بەرەو سنوورەكانی سووریا دەڕۆن".
عیسمەت رەجەب ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەڵاتنی چەكدارەكانی داعش لە مووسڵ بەردەوامە و داعشیش دەستی بە ئۆپەراسیۆنێك كردووە لە دژی ئەو ئەندام و چەكدارانەی خۆی، كە لە شەڕی دژی پێشمەرگە لە شنگال هەڵاتوون و "تائێستا زیاتر لە 300 چەكداری داعش لە مووسڵەوە هەڵاتوون بۆ سووریا، كە زۆربەیان بیانین".
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتووانی رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ، هێرشیانكردە سەر چەند ئوتۆمبێلێكی چەكدارەكانی داعش، كە دۆشكە و چەكی لەسەر بووە، لە ئەنجامدا چەندین چەكداری داعشیان كوشتووە".
لە رۆژی 17-12-2014 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. دوای كۆنتڕۆڵكردنی 2700 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە رەبیعەوە تاوەكو زوممار، ئێوارەی رۆژی شەممە 20-12-2014 پێشمەرگە گەیشتە شنگال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ