رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری عێراق ناترسێت و دەشڵێت، "پێکهێنانی حکومەت پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە ئیرادەی گەل و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە."
سەلاح بووشی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری عێراق ناترسێت، چونکە عێراق خاوەنی ئەزموونێکی سیاسیی پێگەیشتوو و دەستوورێکی تۆکمەیە، ئەمەش وادەکات پێکهێنانی حکومەت پرسێکی نیشتمانی بێت و تەنیا بە ئیرادەی گەل و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت."
سەلاح بووشی گوتیشی، "گوشارە دەرەکییەکان لەبەردەم ئەو راستییە نوێیەی هێزە نیشتمانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دروستیان کردووە بێ بەها بوون. هەروەها چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەزانێت کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بەپێی هاوکێشەیەکی عێراقی-عێراقی دەبێت، نەک بەپێی ئاماژەکانی واشنتن و رێنمایی نێردەکانی."
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا لەوانەیە ئاماژە بدات، بەڵام ناتوانێت ئەو رێڕەوە سیاسییە بگۆڕێت کە عێراقییەکان بڕیاریان داوە لەڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان و هاوپەیمانێتییە دەستوورییەکانەوە یەکلایی بکەنەوە."
سەلاح بووشی راشیگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رووی سیاسی و جەماوەرییەوە بەهێزترە و یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە کاتی خۆیدا دەکرێت، رێگەش نادرێت هیچ لایەنێکی دەرەکی کاربکاتە سەر دروستکردنی بڕیاری نیشتمانی و حکومەتی داهاتووش بە ئیرادەیەکی روونی عێراقی دروست دەبێت و لە بەردەم هیچ کەسێکدا نالەرزێت."
گوتەکانی ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا، لە کاتێکدایە کە عێراق دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، بە دۆخێکی سیاسیی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گفتوگۆی چڕ لەنێوان لایەنە براوەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ