وەزارەتی بازرگانیی عێراق: نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراک بۆ هەر تاکێک 1000 دینار

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک 1000 دینارە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاووڵاتی ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بدات.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار بۆ هەر تاکێک بەرزکراوەتەوە."
 
محەممەد حەنوون ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە کەمکردنەوەی بڕی ئاردیش دەکەن و گوتی: "هیچ کەمکردنەوەیەک لە بڕی ئاردی تاکێک نییە و بەشە ئارد کە 9 کیلۆگرامە، بە تەواوی دابەش دەکرێ."
 
بەشەخۆراکی مانگانە لە شەکر، رۆن، برنج، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان پێکدێ، بەڵام هەندێک مانگ کەمێک گۆڕانکاری روودەدات. 
 
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر بریکارەکان داوای پارەی زیاتریان کرد، پارە نەدەن و لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی تایبەتەوە سکاڵاوە تۆمار بکەن. 
 
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.