رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا و گواستنەوەی زیندانییانی داعش لەژێر دەستی هەسەدە، دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانەی رادەستی عێراق دەکرێنەوە و جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم چەکدارەکان "بەبێ گوێدانە رەگەزنامەکانیان" تەنیا لە عێراق دادگایی دەکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-1-2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و یاسا سزاییە کارپێکراوەکان، دادگەی عێراق دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری دادوەریی بەرامبەر بەو تۆمەتبارانەی داعش، کە پێشتر لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و رادەستی عێراق کراونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرجەم تۆمەتباران، بەبێ گوێدانە رەگەزنامەکانیان یان پلە و پۆستیان لەنێو رێکخراوە تیرۆریستییەکەدا، تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دادگەی عێراقیدا دەبن." جەختیش لەوە کراوەتەوە کە یاسا بەسەر هەموو چەکدارەکاندا "بەبێ هیچ جیاکاری و بەدەرکردنێک" جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی مافی قوربانییان.
هاوکات، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری داوە چەکدارانی داعشی عێراقی و بیانییەکان وەربگرێتەوە. نوعمان گوتی: "بەفەرمی یەکەم کاروان وەرگیراوەتەوە کە پێکدێت لە 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانی، کە بە سەرکردەی ئاستی یەکەمی نێو گرووپە تیرۆریستییەکان دادەنرێن."
ئەم بڕیارەی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 21-1-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، ئامانجی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە گواستنەوەی نزیکەی 7,000 زیندانیی داعشە لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەیان.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو تاوانە تیرۆریستییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی ئەرشیڤ دەکرێن، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی هیچ تۆمەتبارێک لە لێپرسینەوەی یاسایی رزگاری نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ